سەردێر

دڵزار 101 ساڵ لەنێو ئەدەب و شێعردا

خەڵك-

ڕۆژی ١٠ ی نیسانی ٢٠٢١ شاعیری ناسراوی كورد دڵزار كۆچی دوایی كرد لە تەمەنی ١٠١ ساڵیدا لە ماڵەكەی خۆی لە شاری هەولێر، ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی دەروێش خدر، لە شارۆچكەی كۆیە بەخاك سپێردرا.

دڵزار ناوی تەواوی، ئەحمەد مستەفا محەممەد ئاغای حەوێزییە، لە ساڵی ١٩٢٠ لە كۆیە و لە بنەماڵەیەكی ناسراو، لە دایك بووە، كە ئەوكات تازە جەنگی جیهانیی یەكەم كۆتایی پێهاتووە و گرانییەكی سەیر ڕووی لە كوردستان كردووە.

دڵزار دایكی ناوی عائیشە عەبدول عەزیزی نەوەی كاكی زێوە بوو. باوكی هەمیشە شیعری فارسی بۆ كردوونەتەوە كوردی، هاوكات داستانی بۆ خوێندوونەتەوە، لەوانە شانامەی فیردۆسی، كە كاریگەری لەسەر دڵزار هەبوو، هاوكات لە تەمەنی ٧ ساڵیدا باوكی ڕادەستی مەلا ئەسعەدی كرد، لەم ڕێیەوە فێری نووسین و خوێندنەوە بوو، ماوەی دوو ساڵێك لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی.

لە ساڵی ١٩٢٩، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا دەچێتە بەر خوێندنی سەرەتایی لە كۆیە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٧ بۆ یەكەمجار قوتابخانەی ناوەندی لە كۆیەدا دەكرێتەوە، ئەویش دەچێتە ناوەندی و دواتر لە ٢٨ی شوباتی ١٩٤٣ بووەتە سەرباز.

دڵزار سەربازێكی سوپای عێراقی بوو كە لەلایەن بەڕیتانیاوە سەرپەرشتی دەكرا و لە كورد، ئاشووری و توركمان پێكهاتبوون. لە ساڵی ١٩٤٣ لە كۆیە بێ كاربووە، لەوێ پەیوەندی بە سوپاوە كرد و لە ١٩٤٣ تاوەكو ١٩٤٤. سەرەتا لە حەبانییە، بەغدا و بەسڕە لە عێراق ماونەتەوە بۆ ڕاهێنانی سەربازی.

دڵزار خۆی گوتویەتی: لە ئێوارەی ڕۆژی ٨ی كانوونی دووەمی ١٩٢٠ لە شاری كۆیە لە دایك بووم، لە بنەماڵەیەكی ناسراو بەڵام دەستكورت هاتمە سەر دونیا، ئەو كات تازە شەڕی یەكەمی جیهانی كۆتایی پێ هاتبوو گرانییەكی سەیر ڕووی لە كوردستان كرد ڕۆژانە بە دەیان كەس دەمردن من لەو ڕۆژانە دا لە دایك بووم، كە چاوم بە دونیا هەڵێنا گوێم لە دەنگی شیعر و ئاواز و مۆسیقا و دەنگی بولبول و جوانییەكانی سروشت بوو، بەرلەوەی بچمە قوتابخانە، باوكم شیعری فارسی بۆ دەكردینە كوردی، داستانی جوانی بۆ دەخوێندینەوە لەوانە (شانامەی فیردۆسی) كاریگەری زۆر كردە سەرمن.

دەشڵێت: ساڵی ١٩٢٩ چوومە قوتابخانەی سەرەتایی لە كۆیە، مامۆستاكانم هەر هەموویان كوردبوون، عەبدوڵڵا سامی، عومەر جەلال، سەبری ئیسماعیل. ئەو كات ناوەندی لە كۆیە نەبوو، لە ساڵی ١٩٣٧ بۆ یەكەم جار قوتابخانەی ناوەندی لە كۆیە كرایەوە و منیش چوومە قوتابخانەی ناوەندی.

دڵزار ساڵی ١٩٥٩ بە ئەندامی یەكێتی ئەدیبانی عیراق وەرگیراوە. لە ساڵی ١٩٧٠ش بە ئەندامی یەكەم دەستەی بەڕێوەبەری یەكێتی نووسەرانی كورد هەڵبژێردرا. لەنێوان ساڵانی ١٩٧٤بۆ ساڵی ١٩٧٩نوێنەری بەرەی نیشتیمانی بووە لە لیژنەی هەولێردا، لەپاڵ ئەمەدا ئەندامی دەورەی یەكەمی ئەنجوومەنی یاسا دانان بووە لە هەرێمی كوردستان. لە ساڵی ١٩٧٥دا بە ئەندامی ئەنجوومەنی هاوكاری عێراقی ئاشتی وەرگیرا. دواتر كوردستانی جێهێشتووە چووەتە سوێد.