سەردێر

پارێزگاری هەولێر: ڕێگە لە گرانفرۆشی دەگرین

ڕێستۆرانتەكان لە مانگی ڕەمەزاندا كراوە دەبن و بە پەردە دادەپۆشرێن

خەڵك
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ڕێگە نادەین هیچ كەسێك مانگی ڕەمەزان بقۆزێتەوە و یاری بە نرخی خۆراك و بازاڕ و پێداویستیی هاووڵاتییان بكات.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ شەممە لە دیوانی پارێزگا، بۆ چاودێریكردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لەو كەسانەی بە قۆستنەوەی مانگی ڕەمەزان یاری بە نرخ و پێداویستییەكانی هاووڵاتییان دەكەن، لەگەڵ لێژنەی هاوبەشی قایمقامیەتی ناوەندیی هەولێر كۆبوونەتەوە.

ئاماژە بەوەشدەكات، لە كۆبوونەوەكەماندا جەختمان لە چاودێریكردنی چڕی بازاڕ و نرخ و كەل و پەل و پێداویستییەكانی هاووڵاتییان كردەوە، لیژنەی هاوبەشی قایمقامیەتمان بە سەرۆكایەتیی قائیمقامی هەولێرڕاسپارد توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێ، كە مانگی ڕەمەزان دەقۆزنەوە و نرخی خۆراك و پێداویستییەكان لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەكەن و ڕامانگەیاند كە ڕێگە نادەین هیچ كەسێك یاری بە نرخی خۆراك و بازاڕ و پێداویستیی هاووڵاتییان بكات.

دەشڵێت، ڕێستورانتەكان لە مانگی ڕەمەزاندا كراوە دەبن، بەڵام پێویستە شوێنەكانیان بە تەواوی بە پەردە داخراو و داپۆشراو بێ و ڕەچاوی ڕێزگرتن لە مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووگران بكەن، بەپێچەوانەوە ڕێكاری توندی یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتە بەر.