سەردێر

نرخی بەنزین گرانتر كرا و بەرپرسانیش بێ‌ هەڵوێستن

خەڵك-
ڕۆژ بەڕۆژ نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەرێم و بەتایبەتی سنووری پارێزگای سلێمانی گران دەبێ و بەرپرسانی حكومەتیش هیچ هەڵوێستێكیان نییە و ئەندامێكی ئەنجوومەنیش لە سلێمانی دەڵێت: “هەم حكومەت و هەم كۆمپانیاكان گەلەكۆمەكێ‌ لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان دەكەن”.

سەرەڕای دابەزینی بەهای نەوتی خاو لە ساڵی ڕابردوودا بۆ نزیكەی 5 دۆلار بۆ یەك بەرمیل، بەڵام نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم نزیكەی 10 بۆ 15 دینار بۆ یەك لیتر كەم كرایەوە، بەڵام لە ماوەی ئەم دوو مانگەی نرخی نەوتی خاو بەرزبۆتەوە بۆ نزیكەی 70 دۆلار بەتێكڕایی، بە چوار قۆناغ نزیكەی 15 بۆ 25 دینار نرخی هەر لیترێك بەنزین گران كراوە.

خاوەنی بەنزینخانەیەك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بە بازاڕی جیهانی نەوتی خاوەوە هەیە لەگەڵ نرخی دۆلار و ئەمڕۆ نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بەرزكراوەتەوە بۆ 625 دینار و موحەسەن بۆ 675 دینار و سوپەر بۆ 775 دینار”.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە، (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانییەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

لای خۆشیەوە، كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) لەلێدوانێكی پێشتریدا ڕایگەیاندبوو، بەنزینی كوردستان هەمووی بازرگانییە، بازرگانییەكەی قۆرخ كراوە، كە هەم حكومەت و هەم كۆمپانیاكان گەلەكۆمەكێ‌ لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان دەكەن، چونكە حكومەتی هەرێم هەموو پاڵپشتییەكی بۆ سووتەمەنی بڕیوە.

وتیشی، “لە مەرزەكان چەند جۆرێك پارە و ڕسومات دەخرێتە سەر هێنانی بەنزین و ئەوەش نرخەكەی زیاتر لەسەر گیرفانی هاووڵاتی گران دەكات، وەك وەرگرتنی بڕی 60 هەزار دینار بۆ پشكنینی كۆرۆنا بۆ شۆفێری بارهەڵگرێك، 60 هەزار دینار بەناوی مەنەفێستی گومرگی، 25 هەزار دینار بەناوی بیمە، 15 هەزار دینار بەناوی تەصحیحەی گومرگی، 10 دۆلار بەناوی گەراجێك لەتانجەرۆ كە تەنها سوڕێك بخوا تیایدا و پارەكە بدات، هەروەها چەند مەبلەغێكی تریش جگە لە پارەی گومرگ خۆی”.

ئاشكراشی كرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیارێكی دەركردووە، كە لە ئۆكتانی 93 كەمتر نابێت داخڵ بكرێت و ئەوەش نرخی گرانتر دەكەوێت و دەشڵێت: “هاووڵاتیان باجی دۆخەكە دەدەن”.