سەردێر

فراكسیۆنێك داوای هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی مووچە دەكات

خەڵك- ئارام سەردار
سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەڕلەمانی كوردستان داوا دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ لێبڕین دابەش بكات، چونكە “لێبڕینی مووچە هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە”.

محێدین حەسەن، سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، یاسای بودجە لەخزمەتی گەلانی عیراق ‌و كوردستاندایە، پەسەندكردنیشی هەنگاوێكی ئەرێنی بوو.

دەشڵێت: “لێبڕینی مووچە هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ لێبڕین دابەش بكات”.

جەختیش دەكاتەوە، پێویستە ما ف‌و شایستەی دارایی هاووڵاتییانی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێت ‌و ژمارەی بانكی بۆ هاووڵاتییان بكرێتەوە تاوەكو پاشەكەوت ‌و لێبڕینەكان نەفەوتێن ‌و حكومەت دڵنیایی بداتە هاووڵاتییان.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیاری حكومەت ئەوەیە مانگانە لە كاتی خۆیدا و لە 25ی مانگەوە مووچە دابەش بكرێت، بەڵام تا ئێستا ڕێژەی لێبڕینی مووچە یەكلایی نەكراوەتەوە و ناتوانم بڵێم بەبێ لێبڕین مووچە دەدرێت.