سەردێر

(خەڵك) وردەكاری شێوازێكی نوێی پڕۆسەی خوێندن لە هەرێم ئاشكرا دەكات

خەڵك-تەنیا هەورامی

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێشنیار كراوە وانەی سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن بە فلاش میمۆری بدرێتە خوێندكاران.

هەرچەندە دەرگای خوێندنگاكان بۆ ماوەی مانگێك كرانەوە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی تووشبووانی كۆرۆنا جارێكی دیكە دەرگای خوێندنگەكان داخران و هیچ ڕوئیایەكیش نییە بۆ دووبارە كردنەوەی خوێندنگەكان و دوێنێ هەینیش وەزارەتی پەروەردە داوای لە كارگێڕی خوێندنگەكان كرد ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ ئامادەبوون لە ئەگەری دەستپَكردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەكرێت وانەكانی هەر قۆناغێك بە فلاش میمۆری بدرێتە خوێندكاران و لە ماڵەوە وانەكانیان ببینن.

وتیشی، “بەو شێوەیە تێچوونێكی كەمی دەوێت، چونكە فلاشێك بە دۆلارێك بۆ سێ دۆلارە”.

ئاشكراشیكرد، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە، كە مامۆستا گروپێك دروست بكات لە هەر تۆڕێكی كۆمەڵایەتی و پەیوەندی بەردەوامی هەبێت لەگەڵ خوێندكارەكانی و هاوكات خانەوادەكانیش هاوكار بن، ئەگەر نا كارەكە قورسە.

سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی ئەم پڕۆسەیە، ناوبراو ڕایگەیاند، پیشنیار كراوە و قسەی لەسەر كراوە، پێموایە وەزارەتی پەروەدەش كاری لەسەر كردووە، پێشبینی دەكەم كاتی ئەوە هاتووە ئەو كارە بكرێت.