سەردێر

حكومەتی هەرێم بڕیار لە لێبڕینی مووچە و پلەبەرزكردنەوە دەدات

خەڵك-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، مووچە مانگانە لە كاتی خۆیدا دەدرێت و دەشڵێت: “پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندنی گرێبەستەكان دوای ئامادەكردنی بودجە بڕیاری لێ‌ دەدرێت”.

د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم بۆ (ڕووداو) ڕایگەیاند، تیمێكی هونەری هەرێم لەگەڵ عیراق كۆدەبێتەوە بۆ جێبەجێ‌ كردنی بودجە و دەبێت هەموو وردەكارییەكان لێكبدرێتەوە و بزانرێت چەندە پارە دەست هەرێم دەكەوێت بۆ ڕێكخستنەوەی كاروبارەكان.

ڕاشیگەیاند، بڕیاری حكومەت ئەوەیە مانگانە لە كاتی خۆیدا و لە 25ی مانگەوە مووچە دابەش بكرێت، بەڵام تا ئێستا ڕێژەی لێبڕینی مووچە یەكلایی نەكراوەتەوە و ناتوانم بڵێم بەبێ لێبڕین مووچە دەدرێت.

وتیشی، “هەندێك حساباتی ورد هەیە، كە دەبێت بكرێن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیار دەدرێت مووچە چۆن بدرێت، هەرچەندە حكومەت بە ئەركی خۆی دەزانێت مووچە بە تەواوی بدات”.

سەبارەت بە دامەزراندنی گرێبەستەكان و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ئاماژەی بەوەكرد، سەرۆكی حكومەت وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی بەزووترین كات بودجە ئامادە بكرێت، كە دەبوو لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئامادە بكرایە، بۆیە دوای ئامادەكردنی بودجە ئەو بابەتانە یەكلایی دەبنەوە.