سەردێر

عێراق، داوای هاوكاری و هاوپەیمانێتی زیاتر لە ئەمریكا دەكات

خەڵك-

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داوای زیادكردنی هاوكارییەكان لە ئەمەریكا دەكەین، بەتایبەت پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت و گاز.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەرۆشی وڵاتەكەی بۆ هاوكاری و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریكا دووپاتكردووەتەوە، كە لەسەرجەم بوارەكان هاوكار بێت، بە تایبەت ئاسایش، وزە، تەندروستی، ژینگە، ئابووری، ڕۆشنبیری و پەروەردە.

فوئاد حسێن ئاشكراشیكرد، گرنگە هاوپەیمانی لەنێوان هەردوو وڵات لە وەبەرهێنانی سەرجەم بوارەكان هەبێت، ئەو كۆمپانیایانەی ئەزموون و توانای زۆریان هەیە لە عێراق وەبەرهێنان بكەن و داواشی لە ئەمریكا كرد، هاوپەیمانییەتەكەیان لە ڕێگای یاداشتنامە و ئەو گرێبەستانەی واژۆكراون بەهێزتر بكەن، بە تایبەت گرێبەستەكانی پەرەپێدانی كێڵگەكانی نەوت و گاز و كەرتی كارەبا، كە مەبەست لێی سەربەخۆیی عێراق بێت لە بواری وزەدا.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەشێك لە فراكسیۆنە شیعەكان داوا دەكەن، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بچنە دەرەوە و هاوكات دوێنێ هەینی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە ڕاگەیەنراوێكدا هەشت مەرجی بۆ ئەمریكا و هێزە بیانییەكان دانا، كە لە عێراق بمێننەوە و لە ئەگەری پشتگوێخستنی ئەو مەرجانە و شكاندنی ڕێكەوتن ئەگەری هەیە هێز لە بەرانبەریان بجوڵێنن.