سەردێر

بەرپرسێكی سوپای پاسداران لە هەوڵێكی كوشتن ڕزگاری بوو

خەڵك-

بەرپرسێكی سوپای قودس ڕایدەگەیەنێت، موسادی ئیسرائیلی دەیانویست تیرۆرم بكەن.

ڕوستەم قاسمی، جێگری ئابووری هێزی قودسی سوپای پاسداران و وەزیری پێشووی نەوتی ئێران بە كەناڵی (ئێران)ی ڕاگەیاند، ئەمریكییەكان زۆر هەوڵیاندا تاكو بە هەموو شێوەیەك فشار بخەنەسەر هەناردەكردنی نەوتی ئێران و بگەیەننە سفر، بەڵام نەیانتوانی و هەرگیزیش ناتوانن.

سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ تیرۆركردنی، ناوبراو ئاشكرایكرد، بڕیار بوو گەشتێك ئەنجام بدەم بۆ ئەنجامدانی كارێكی گرنگ، بەڵام هەواڵ گەیشت، كە موساد پلانی داڕشتووە كە تیرۆرت بكات، هەندێك لە دۆستانی ئیتلاعات داوایان كرد، كە نەچمە ئەو گەشتە، بەڵام خۆم و هەندێك تر لە دۆستان لەسەر چوونم جەختمان كرد، كە لە كۆتاییدا بڕیار درا كە گەشتەكە ئەنجام بدرێت و بەختەوەرانە بە بەرنامەڕێژی باش و چاودێری ورد و گۆڕینی شێوەی هاتووچۆ و شوێنی مانەوە و كۆبوونەوەكە توانیمان ئەو پیلانە پووچەڵ بكەینەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، لە چەند مانگی ڕابردوو بەرپرسێكی باڵای سەربازی ئێران لە ڕێگای نێوان باكوور و شاری تارانی پایتەخت و لەنێو ئۆتۆمبێلەكەی خۆی تیرۆر كرا و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئاشكرای دەكەن، هەوڵەكە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریكاوە ئەنجام دراوە.