سەردێر

پێشمەرگە 3 مووچەی دیكە بێ‌ لێبڕین وەردەگرێت

خەڵك-
لە سەرەتای ئەم مانگەدا لیواكانی پێشمەرگە 3 مووچەیان پێكەوە وەرگرت جگە لە لیواكانی 9 و 12 و بڕیاریشە بۆ جارێكی دیكە چەند مووچەیەك پێكەوە وەربگرن.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پاش ئەو سێ مووچەیەی، كە سەرەتای ئەم مانگە بەسەر لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشكرا، بڕیارە لە داهاتوودا بۆ جارێكی دیكە چەند مووچەیەكی تر بەو لیوایانە بدرێت.

وتیشی، “ئەمریكییەكان دەیانەوێت مووچەی ئەو مانگانەی، كە لە ساڵی ڕابردوو بەو لیوایانە نەدراوە بەش بەش بدەنەوە بە لیواكان”.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، لە پێدانی ئەو مووچە فەوتاوانە هەردوو لیوای (9 و 12) بێ بەش كراون و وەزارەتی پێشمەرگەش لەپەیوەندیدایە لەگەڵ ئەمریكاییەكان تاوەكو ئەوانیش بگرێتەوە، چونكە ئەو دوو لیوایە تەنها مووچەی مانگی (شوبات و ئادار)یان بەبێ‌ لێبڕین وەرگرتووە و چاوەڕێ‌ دەكەین كێشەكان چارەسەر ببن و ئەوانیش مووچە فەوتاوەكانیان وەك سەرجەم لیواكانی دیكە پێ‌ بدرێت.

لای خۆشیەوە، عەمید ڕوكن هەژار عومەر، ڕاوێژكاری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی لە ڕۆژی ١ی ئەم مانگە دەستكرا بە دابەشكردنی سێ مووچەی ساڵی ٢٠٢٠ی لیوا هاوبەشەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ جاری دووەم پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەكان، كە پێكهاتوون لە ٣٠ هەزار كەس، سێ مووچەی تر بەبێ لێبڕین وەردەگرن.

بەهۆی قەیرانی داراییەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوو بە پاشەكەوتەوە مووچەی فەرمانبەرانی دابەشكرد، بەڵام لەم كابینەیەدا هەرچەندە چەند مانگێك بە لێبڕینەوە دابەش كرا، بەڵام ساڵی ڕابردوو 7 مووچەش نەدرایە فەرمانبەران و هێزە سەربازی و ئەمنییەكان.