سەردێر

نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا

خەڵك-
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و ڕاوێژكارێكی سەرۆكایەتی هەرێم-یش دەڵێت: “لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران كۆدەبێتەوە”.

فەلاح مستەفا، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژنامەی (الصباح)ی فەرمی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی بەغدا دەکات و ئەوەش دەستپێشخەرییەکی سەرۆکی هەرێمە و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسان کۆدەبێتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو سەردانانە بۆ لای یەکتر پێویستە، چونكە تاوەکو پەیوەندییەکانی بەهێزتر بکرێن و هەرکاتێک تێگەیشتن و هەماهەنگی پتەو هەبێت، سەقامگیری زیاتر دروست دەبێت لەنێوان هەردوو حکومەت.

ئاشكراشی كردووە، لە كۆبوونەوەكاندا چەند بابەتێك گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت بە تایبەت ئەو ڕێککەوتنەی لە بودجەدا کراوە، هەروەها سەقامگیری سیاسی و ئابوری و دروستکردنی هەلی کاری زیاتر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر.