سەردێر

قوباد تاڵەبانی وەڵامی وەزیری شارەوانی دەداتەوە

خەڵك-
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وەڵامی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی شارەوانی دەداتەوە و دەڵێت: “هیچ كەس و هێزێك ناتوانێت لەبەردەم مافە ڕەواكانتان بوەستێتەوە”.

ئەمرۆ وەزارەتی شارەوانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، “لە كاتی هەبوونی ژمارەی زەوی پێویست كە بەپێی پلان بۆ نیشتەجێكردن ئامادە دەكرێت، بەسەر سەرجەم توێژەكان دابەش دەكرێت، نەوەك بە جیاوازی و لە چەند شوێنێكی دیاریكراو و بەكارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشكردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستكردنی ئەمری واقیعێك بە دوور لە بنەمای یاسایی”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدابۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی ئاماژەی بەوەكردووە، دڵنیاتان دەكەمەوە كە هیچ كەس و هێزێك نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواكانتان بوەستێتەوە و دەشڵێت: ” بە هیچ شێوەیەك قابلی قەبوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بكرێت بۆ وەرگرتنی مافێكی ڕەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەرگ.

ڕاشیگەیاندووە، بە واژۆی بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركراون و رێكارەكان لەكابینەی نۆیەمدا تەواوكراون، كە ناوەڕۆكی سێ فەرمانەكە بریتییە لە دابەشكردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ كەس لە كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

دڵنیاییەك بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لەھەموو پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان

لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونكردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانكردبێت كەسانێك هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەكانتان كە مافێكی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەكەمەوە كە هیچ كەس و هێزێك نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواكانتان بوەستێتەوە.
ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو ڕێكارێكی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بەئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركراون و رێكارەكان لەكابینەی نۆیەمدا تەواوكراون، كە ناوەڕۆكی سێ فەرمانەكە بریتییە لە دابەشكردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ كەس لە كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان.
بۆیە دووبارە دڵنیاتان دەكەمەوە بە هیچ شێوەیەك قابلی قەبوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بكرێت بۆ وەرگرتنی مافێكی ڕەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەر.

هەمیشە دڵسۆزتان
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران