سەردێر

بۆ هاوكاری دارایی پێشمەرگە دوابڕیاری ئەمریكا ئاشكراكرا

خەڵك-

ئەندامێكی شاندی هەرێم، كە بەشداری لە گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیجی عێراق – ئەمریكادا كردووە ئاشكرای كرد، كە هاوكاری دارایی ئەمریكا بۆ هێزە عیراقییەكان و لەناویاندا پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

لەدرێژە و بەردەوامیدان بە گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق- ئەمریكا، ڕۆژی ٧/٤/٢٠٢١، گەڕی سێیەمی گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و واشنتن بەڕێوەچوو، شاندی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستێكی باڵا بەشداری تێداكرد.

شاندی هەرێمی كوردستانش پێكهاتبون لە فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەمید روكن هەژار عومەر، ڕاوێژكاری وەزارەتی پێشمەرگە و لاوك صلاح ، بەڕێوەبەری نوسینگەی جێگری سەرۆكی هەرێم.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، عەمید ڕوكن هەژار عومەر ئاماژەی بەوەكردووە، گفتوگۆكانی ناو دیالۆگەكە تایبەت بوون بە تەواوكردنی گفتوگۆی گەڕەكانی پێشوتری دانوستانی نێوان ئەمریكا و عێراق و
لەم گەڕەشدا، چەند بابەت و دۆسیەی گرنگی پەیوەندیدار بە ئاسایش و وزە و تەندروستی باسیان لێوەكرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەركی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە داهاتوودا لەعێراق دەگۆڕدرێت بۆ مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژكاری.

وتیشی، “هاوكارییە سەربازییەكان بەبڕی 250 ملیۆن دۆلار بەردەوام دەبێت” و ئاماژەی بەوەشكرد، لەساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا تیمەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان مەشقیان بە زیاتر لە 189 هەزار سەرباز و پێشمەرگە كردووە، ڕۆڵیان هەبووە لە ڕزگاركردنی ڕووبەری 55 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە لەدەستی داعش لە عێراق.

عەمید ڕوكن هەژار عومەر جەختیشی كردەوە، شاندی ئەمریكا بەڵێنیان دا، خولەكانی مەشق و ڕاهێنان لە ئەمریكا بۆ هێزە عێراقیەكان درێژەی هەبێت لە چوارچێوەی OSC-Iەوە، كە هێزەكانی پێشمەرگە لەم چوارچێوەیەدا لەناو پلانی هاوبەشدا جێگایان گرتووە.