سەردێر

تاوە باران ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی پێشبینی شارەزایانی بواری كەشناسی، لە سبەینێوە كەشوهەوای هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا دێت و كەشێكی فێنك دەستپێدەكات لەگەڵ بارینی باران و هەورە تریشقە بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە سەرەتای ھەفتەی ئایندەوە، كە لە سبەینێ‌ شەممەوە دەستپێدەكات، ناوچەكەمان دەكەوێتە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەكی لاوازی سەرچاوەی دەریای ناوەڕاست و بارستە ھەوایەكی فێنك، كە لە وڵاتی ئەوروپاوە لەگەڵ كاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە یەك دەگرێت و كاریگەری شەپۆلە گەرماكە لەسەر ناوچەكە كەم دەكاتەوە و بە تێكرای ٥ تا ١٠ پلەی سیلیزی پلەكانی گەرمی نزم دەكاتەوە.

ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەكرێت شەپۆلێكی لاوازی بارانبارین ناوچەكانی ھەرێم بگرێتەوە، بەتایبەت لەناوچە شاخاوی و سنورییەكان كاریگەری زیاترە بەشێوەی لێزمە باران و ڕوودانی ھەورە تریشقە لەھەندێك كاتدا و بۆ سەنتەری پارێزگاكانیش زیاتر لە نمە باران و ھەندێك تاوە باران و ھەورە تریشقە بەشێوەیەكی كاتی چالاك ئەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ سنووری ئیدارەی گەرمیان و ناوچەكانی سنوری پارێزگای كەركوك حاڵەتەكە زیاتر لاواز ئەبێت.

ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی وتیشی، “كاریگەری ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە پێشبینی دەكرێت تا ڕۆژی دوو شەممە ١٢-٤-٢٠٢١ كاریگەری لەسەر ناوچەكە بمێنێتەوە”.