سەردێر

بڕیارێك دەربارەی گۆشتی مریشك دەركرا

خەڵك-
وەزیری كشتوكاڵی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 5 هەزار كێڵگەی پەلەوەری كەوتوونەتەوە كار و دەشڵێت: “بڕیاری كۆتاییان داوە و ڕێگە نادەن مریشكی بەستوو لە دەرەوە هاوردە بكرێت”.

محەمەد خەفاجی، وەزیری كشتوكاڵی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وەزارەتەكەی بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، بەسەرسوڕمانەوە گوێمان لە لێدوانی قائیمقامی ڕومادی بووە، كە داوا لە هاووڵاتیان دەكات لە كڕینی مریشكی عیراقی دووربكەونەوە و دەشڵێت: “ئەو قسانە دەستوەردانە و بۆ خزمەتی وڵاتانی بیانییە، كە دەیانەوێت ئابووری ولات تێكبدەن”.

ڕاشیگەیاندووە، سەركەوتووبوون لە دووبارە بەگەڕخستنەوەی 5 هەزار كێڵگەی پەلەوەری لە تەواوی وڵاتدا دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی هاوردەكردنی مریشك لەدەرەوە لەكاركەوتبوون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو پڕۆژانە دەبنە هۆی خستنە سەركاری هاووڵاتیان و گەیشتن بە پڕۆسەی هەناردەكردن و بووژانەوەی كەرتی ئابووری.

وەزیری كشتوكاڵی عیراق وتویەتی، “یاری كردن و تێكدانی دەروونی هاووڵاتیان نابێتە یارمەتیدەری بنیاتنانی ئابووری وڵات، چونكە بەردەوامین لە بنیاتنانی كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بەپێی پلانێكی داڕێژراو، كە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی هاوولاتیان و ئابووری نیشتمانی”.