سەردێر

پارەكەی بەغدا چەند لە لێبڕینی مووچە كەمدەكاتەوە؟

خەڵك-
ئەندامێكی كوردی پەڕلەمانی عێراق لەسەر بەردەوامی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێتە دەنگ و دەپرسێت، چۆن ئەبێ ئەو هەموو هەڵایەی رێككەوتن بەرهەمەكەی تەنها كەمكردنەوەی (6%)ی لێبڕینی مووچە بێت.

د. رێبواركەریم، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، لەماوەی ڕابردودا، حكومەتی هەرێم بەئاشكرا دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەرامبەر ڕێكەوتنی هەرێم ‌و بەغدا و پەسەندكردنی یاسای بودجە، تا ئەم ساتەش وەك دەستكەوتێكی گەورە تەماشای دەكات.

دەشڵێت: “سەرەڕای ئەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی 2021 بەزیادەوە بەشی ئەوەی تیایە، كە لێبڕینی مووچەی پێ هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام هەندێ لە دەسەڵات‌ و لە دەرەوەی دەسەڵاتیش بانگەشە بۆ بەردەوامی لێبڕین دەكەن، چ وەك زانیاری یان وەك پێشبینی، كە ئەمە دەچێتە خانەی خزمەتكردن بەو سەرانەیەی، كە حوكمڕانی هەرێم لە مووچەخۆرانی دەستێنێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر هەوڵێكیش بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی لێبڕینی مووچە و دواتر فرۆشتنەوەی بە خەڵك وەك مژدەیەك، هیچ نیە جگەلە تاڵانیەكی تر.

ئەو پەڕلەمانتارە دەشپرسێت، “ئاخر چۆن دەبێ دوای ئەو هەموو گفتوگۆیەی نێوان هەرێم ‌و بەغدا و دوای ئەو هەموو (هەوڵە)، تەنها دەستكەوت ئەوە بێت، كە رێژەی لێبڕینی مووچە لە (21%)وە بكرێت بە (15%) ؟! چۆن ئەبێ ئەو هەموو هەڵایەی ڕێككەوتن بەرهەمەكەی تەنها كەمكردنەوەی (6%)ی لێبڕینی مووچە بێت؟!”.

جەختیشی كردۆتەوە، بەڕوونی ئەوە بزانن، كە ئەو پشكەی لەبودجەدا بۆ هەرێم دیاریكراوە بەسە بۆ ئەوەی بەتەواوی لێبڕینی مووچە نەمێنێت.