سەردێر

تەندروستی هەرێم دەربارەی ڤاكسینی كۆرۆنا پەیامێك بڵاودەكاتەوە

خەڵك-

وەزارەتی تەندروستی هەرێم داوا لە هاووڵاتیان دەكات بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا و جەختیشدەكاتەوە، كۆد و كارتی تایبەت دەدرێت بەوانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان (32 %)ی ڤاكسینی بەردەست پێدراوە بە هاووڵاتیان.

وەك وتەبێژی تەندروستی هەرێم ڕووونی كردۆتەوە، ڕێژەی پێدراوی ڤاكسینەكە بۆ (هەولێر 26 %، سلێمانی 20 %، دهۆك 56 %، هەڵەبجە 16 %، گەرمیان 39 %، ڕاپەڕین 42 %، كۆیە 24 %).

ڕاشیگەیاندووە، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین بەتایبەتی سەرووی تەمەنی 60 ساڵی و ئەوانەی (نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، خانەنشین و بەساڵاچووان و مامۆستایانی پۆلی 12 و هێزەكانی ئەمنی و ناوەخۆ و ئاسایش و پێشمەرگە) بۆ وەرگرتنی پێكوتەی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا خۆیان ناونووس بكەن لە پۆڕتاڵ و سیستەمی ئۆنڵاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

جەختیشی كردۆتەوە، وەزارەتی تەندروستی كارت و كۆدی تایبەت بە گەشتكردنی نێودەوڵەتی دەدات بە وەرگرانی پێكوتەی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ بەكارهێنانی لە فڕۆكەخانەكان.

لینكی خۆتۆماركردن بۆ ڤاكسینی كۆرۆنا:
http://vac.health.digital.gov.krd/