سەردێر

ئێران كەرەنتینەی گشتی و سەرتاسەی ڕاگەیاند

خەڵك-
شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەواوی كۆماری ئیسلامی ئێرانی گرتۆتەوە و بەرپرسانی تەندروستی ئاشكرای دەكەن، كە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ كەرەنتینەی گشتی ڕادەگەیەنرێت.

عەلی ڕەزا ڕەئیسی، وتەبێژی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیامانداوە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ كەرەنتینی گشتی لە سەرانسەری ئێران ڕابگەیەنین.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیاری كەرەنتینی گشتی لە سبەی شەممەوە دەكەوێتە بورای جێبەجێكردنەوە و دوای ئەو 10 ڕۆژە و هەڵسەنگاندنی ڕەوشەكە بڕیاری نوێ دەردەكەن.

وەك ئەو بەرپرسەی تەندروستی ئاشكرای كردووە، هەڕەشەی جیدیان داوە لەوەی ڕەوشی تەندروستی لە ڕەنگی سوورەو بۆ ڕەش بەرز دەبێتەوە.

بەپێی دواین ئاماری تەندروستی ئێران، تەنها لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لەو وڵاتە 22 هەزار و 478 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و 155 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.