سەردێر

تەندروستی بۆ خۆکوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی دەرکرد

خەڵک-

وەزارەتی تەندروستی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد بە مەبەستی ناچارکردنی هاووڵاتیان بۆ خۆکوتانیان بە ڤاکسینی کۆرۆنا.

ماوەی مانگێکە ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتۆتە عێراق و هەرێم، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم هاووڵاتیان بەدەم پڕۆسەکەوە دەچن.

ووزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیاریان داوە ھیچ کەسێک بۆی نەبێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکات ئەگەر کارتی کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنای نەبێت.

هەر لە بڕیارەکاندا هاتووە، “ھەموو مۆڵ و بازاڕ و دوكانێك دادەخرێت ئەگەر خاوەنەکەی و کارمەندەکانی خۆیان نەکوتابێت و کارتی کوتانیان نەبێت”.

وەزارەتی تەندروستی بڕیاریشی داوە، ھەموو دەرمانخانە و نەخۆشخانە و تاقیگەی پزیشکی کەرتی تایبەت دابخرێن ئەگەر ھەموو ئەوانەی کاری تێدادەکەن خۆیان نەکوتابێت و کارتی کوتانیان پێنەبێت.