سەردێر

بەهۆی کۆترێکەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا

خةڵک-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، ئەو گەنجەی بەهۆی کۆترێکەوە لە سەربانی کتێبخانەی قەڵادزێ کەوتەخوارەوە، گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕینپ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،  پاش ئەوەی 6ی ئەم مانگە گەنجێک بەناوی ( هـ . ک . ق ) لەدایک بووی ساڵی 2002 پیشەی کاسب لەسەر تەلاری کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ بەربۆوە لە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا و پاشان بەڕێکرا بۆ سلێمانی.

ڕاشیگەیاند، دوای چەند ڕۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە وتەی شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە ئەو گەنجە چۆتە سەربانی کتێبخانە بەمەبەستی فڕینی یەکێک لە کۆترەکانی، بەڵام کەوتۆتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بووە.

جەختیشی کردۆتەوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.