سەردێر

سەدر هۆشداری دەداتە ئەمریكا و حكومەتی عێراق

ئەگەر هێزە بیانییەكان ڕێككەوتن بشكێنن دوورنییە هێزی سەربازی لە دژیان بجوڵێنم

خەڵك-
ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حكومەتی عێراق ئەم هەشت خاڵە جێبەجێ بكات، لە بارەی مانەوەی هێزە ئەمەریكاییەكان و سەرجەم هێزە بیانییەكانی دیكە لە عێراق.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر مەرجی هەیە بۆ مانەوەی هێزە بیانییەكانی لە عێراق و داواش دەكات حكومەتی عێراق ئەو مەرجانە جێبەجێ بكات.
ئەو خالانەی كە سەدر ئاماژانی بۆ دەكات بریتین لە:
1.نابێت هێزە بیانییەكان دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق بكەن.
2.پێویستە مانەوەیان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بێت.
3.نابێت عێراق بكەنە گۆڕەپانی دەستدرێژی بۆ سەر هیچ وڵاتێك، بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ.
4.ناكرێت وەك داگیركار بمێننەوە و نابێت بوونی سەربازییان بمێنێ.
5.ئاسمانی عێراق وەك زەوی و سنوورەكەی خاوەن سەروەرییە و نابێت بیانییەكان دەستوەردان لە كاروباری ئاسمانی عێراق بكەن.
6.نابێت نوێنەرایەتی دیپلۆماسییان بە ژمارەیەك بێت كە جێی نیگەرانی بێت و پێشینەی دیپلۆماسی نەبێت. تەنانەت ئەگەر بە هاوشێوەیش بێت.
7.دەبێت بوونیان لە بنكە سەربازییەكان نەمێنێ و ئەو بنكانە بگەڕێنەوە بۆ دەستی هێزە ئەمنییەكان.
8.ئەگەر پابەندبوون، ئەوا لەسەر هێزی بەرەنگاری نیشتمانی عێراقە كردە سەربازییەكان بە هەموو شێوەیەك لە دژیان ڕابگرێت. پێویستە حكومەتیش سزای هەركەسێك بدات هێرش بكاتەسەریان، ئەگەریش هێزە بیانییەكان ڕێككەوتن بشكێنن ئەوا بە دوور نازانرێت فەرمان دەربكەم لە دژیان و هێزی سەربازی لە دژیان بجوڵێنم.

ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتر ژمارەیەك فراكسیۆن داوایان كرد هێزە بیانییەكان لە عێراق بكشێنەوە، بەڵام ئەمریكا هیچ گرنگییەكی بۆ دانەناو و سوورە لەسەر مانەوە لە عێراق.
پێشتر جەمال كۆچەر ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، مانەوەی ئەمریكا لە عێراق پێویستییە و پێیوایە هەوڵ و پارەیەكی زۆری خەرج كردووە لە عێراق، ناكرێت بە واژووی چەند پەڕلەمانتارێك هێزەكانی بكشێنێتەوە.