سەردێر

نەكەن بزوێنەری ئۆتۆمبێل بشۆن تەنیا لەم حاڵەتەدا نەبێت

خەڵك-
یانەی ئۆتۆمبێلەكان ADACی ئەڵمانی، هۆشداریی دەدات لە شۆردنی بزوێنەری ئۆتۆمبێل، جگە لە حاڵەتی دەگمەندا نەبێت، هەندێك ئامۆژگاریش لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.

یانەی ئۆتۆمبێلەكان، بەپێویستی دەزانێت بزوێنەری ئۆتۆمبێل بەشێوەیەكی بەردەوام نەشۆردرێت، تا زیانی پێنەگات، تەنیا لە چەند حاڵەتێكی دەگمەندا نەبێت، لەوانەش پیسبونێكی زۆر بەهۆی لێچوونی ڕۆن.

شارەزایانی بواری ئۆتۆمبێلەكان دەڵێن، تەنی بزوێنەر بەشێوەیەك لەلایەن كارگەكەیەوە دروستكراوە كە هەردەم پارێزراوە لە ژەنگكردن و داخوران، بۆیە پێویستە یەكێك لە وەرشە پسپۆڕەكان لەكاتی شۆردن و پاككردنەوەی بزوێنەر بەشێوەیەكی تەواوەتی ڕابسپێردرێت، چونكە ئەو ماددانەی بۆ شۆردن بەكاردەهێنرێت، دەكرێت زیان بە چینی پاراستن لە ژەنگ و داخوران، بگەیەنن.

میكانیكییەكان پاككەرەوەیەكی سارد دەكەن بەسەر بزوێنەرەكە و پاشان بە ماددەی پارێزراو لە ژەنگ و داخوران چارەسەری دەكەن.

شارەزا ئەڵمانییەكان هۆشداریش دەدەن لە بەكارهێنانی ئامێری پاككرەوەی فشارە بەهێزەكان، چونكە تەوژمی ئاوی بەهێز دەبێتە مایەی پچڕاندنی گەیەنەرە كارەباییەكان و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان.