سەردێر

ئەمجارە توركمانەكان یەكدەگرن

خەڵك-
حزبە توركمانییەكان، پێكهێنانی لیستێكی یەكگرتوو بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتوو ڕادەگەیەنن.

حەسەن تۆران،، سەرۆكی بەرەی توركمانی عیراقی، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”حزبە توركمانییەكان كۆبوونەوەیەكیان لە بارەگای بەرەی توركمانی لە كەركوك سازكرد و تێیدا پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكان و شایستەكانی پێكهاتەی توركمان لە عیراق، و كەركوك تاوتوێكران”.

بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە، توركمانەكان بە هاوپەیمانییەكی یەكگرتووە (توركمان ئیلی) بە ناوی بەرەی توركمانی عیراق بەشداریی بكەن، و حەسەن تۆرانیش وەك سەرۆكی هاوپەیمانییەكە دیاریی كراوە كە بەمزوانە بەرنامە سیاسییەكەی بۆ توركمانەكان ڕادەگەیەنێت.

یەكگرتنی حزبە توركمانییەكان لە یەك هاوپەیمانی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە كە وابڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو سازبكرێت، بە هەنگاوێكی بێ‌ پێشینە دادەنرێت لە دوای 2003 و بە پێچەوانەی بەشداریكردنیانە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو كە بەشێوەیەكی پەرتەوازە و جیا بەجیا بەشدارییان دەكرد.