سەردێر

گوندێك لە هەرێمی كوردستان كەرەنتینەكرا

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر، سەپاندنی كەرەنتینە بەسەر گوندێك لە قەزای ئامێدی لە باكووری پارێزگەكە ڕادەگەیەنێت.

سادق محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆك، بە میدیاكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە”كەرەنتینەی تەندروستی بەسەر گوندی داودیەی سەر بە ناحیەی بامەڕنی سەر بە قەزای ئامێدی سەپێنرا كە زۆرینەی دانیشتوانی مەسیحین، ئەمەش دوای ئەوەی دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی كۆرۆنای تێدا تۆماركرا”.

بە وتەی سادق محەمەد”تیمەكانی تەندروستی ڕەوانەی گوندەكە كراون، تا پشكنینی كۆرۆنا ئەنجام بدەن و ڕەوشەكە هەڵبسەنگێنن، دوای ئەوەی ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە لە گوندەكە زیادی كرد”، داواشی لە هاووڵاتیان كرد، پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ‌ چوار شەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بڕیاری سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆی نیمچە گشتی دەركرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كە لەم ماوەیەی دواییدا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد.