سەردێر

جوتیاران داوای ئاودێری بۆ گەنمەکەیان دەکەن

گەنمی ئەمساڵ ئاودێری پێوستە

خەڵك – نزار جەزا
بەهۆی باران نەبارینەوە لەسەدا ٦٠ی گەنمی پارێزگای سلێمانی لەناوچەی گەرمیان وشك بووە، پسپۆڕێكی ئەو بوارەش دەڵێت، بۆئەوەی ئەو لەسەدا ٤٠ی دیكە پوچ نەبێت، پێویستە ئاودێرییەكی باشبكرێت، كە تێچووێكی كەمی دەوێت و لەبارانەكەش باشترە

ئومێد ئەحمەد سەرۆكی بەشی ڕێنمایی كشتوكاڵ لەزانكۆی هەڵەبجە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ناوچەی گەرمیان بەتەواوی گەنمەكەی وشكبووە، بەڵام ئەو شوێنانەی كە تاكو ئێستا گەنمەكەی وشك نەبووە، ئەگەر ئاودێرییەكی باشی بكرێت لەپووچبوون دەپارێزرێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، بەئاودێرانێك كە تێچووێكی كەمی دەوێت گەنمەكە دەپارێزرێت.

زیاتر ڕوونیكردەوە، بەئاودێران گەنمەكە تێرئاو دەبێت، بۆیە ئەگەر بەباشی بكرێت، لەبارانبارینەكە باشترە.

دووجۆر وشكەساڵی هەیە، وشكەساڵی بۆ ئاوی ژێر زەوی و وشكەساڵی بۆ سەرزەوی، لەباری جۆری یەكەمی وشكەساڵییەوە ناوبراو باسی لەئەوەكرد، ڕێژەی ئاسایی بارانبارین هەزار ملیمە، ڕێژەی ناوەند بۆ بارانبارین لەهەرێمی كوردستان ٥٠٠ ملیمە، ئەگەر لەو ڕێژەیە كەمتر ببارێت ئەوە وشكەساڵییە، بەڵام ئەگەر لەنیوەی ڕێژەی ناوەند كەمتر باری، ئەوە وشكەساڵی قورسە.

وتیشی: ئەمساڵیش لەنیوەی ڕێژەی ناوەند بارانباریوە، كەواتە ئەمساڵ وشكەساڵی قورسمان هەیە بۆ ئاوی ژێرزەوی، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی كانیاوەكان.

لەبارەی جۆری دووەمی وشكەساڵییەوە ناوبراو ئەوەی باسكرد، جۆرێكی دیكەی وشكەساڵی هەیە، كە وشكەساڵی سەر زەوییە بۆ گەنم و جۆ و دانەوێڵە، كە پشتدەبەستێت بەبارانبارین لەوەرزی بەهاردا، لەم وەرزەشدا كە كاتی گوڵكردنی گەنمە وەك پێویست باراننەباریوە، بۆیە ئەگەر بارانێكی دیكە نەبارێت و ئاودێرییەكی باش نەكرێت، ئەوا گەنمی ئەم ناوچەیە هەمووی پوچ دەردەچێت.

ئەمە لەكاتێكدایە لەسەدا ٦٠ی گەنمی پارێزگای سلێمانی لەناوچەی گەرمیان وشك بووە و بەوتەی پسپۆڕانیش ئەگەر لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا بارانی دیكە نەبارێت ئەو گەنمەی دیكەش وشك دەبێت، بۆیە جوتیاران داوای  هاوکاری لەحکومەتى هەرێم دەکەن کە بەپەلە ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئاودێری بگرێتەبەر.

حكومەتی هەرێم بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك هاتۆتەسەرخەت و بڕیارە لەڕۆژی دوو شەممەدا وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگاكانی هەرێم و لایەنە بەرپرسەكان كۆببێتەوە.

حكومەتی هەرێم لەدروستكردنی بەنداوی پێویستدا بۆ كاتی وشكەساڵی كەمتەرخەمی هەبووە و تاكو ئێستا نەیتوانیوە بەنداوی پێویست دروستبكات.