سەردێر

وەزیری ناوخۆ: بۆ ڕەمەزان ڕێكاری نوێ‌ دەردەكەین

خەڵك
وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، هاووڵاتیان وەك پێویست خۆیان ناپارێزن بۆیە ناچاربووین ڕێكارەكان توندتر بكەینەوە و پێش ڕەمەزانیش لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوەو بڕباری نوێ‌ دەردەچێت.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، دەبێت لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا رێكارەكان لەگەڵ ژیانی خەڵكدا بگونجێنرێت، پێش مانگی رەمەزان لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە وبڕیاری نوێ دەردەچێت.

وتیشی، هاووڵاتییان وەكو پێویست خۆیان ناپارێزن بۆیە ناچاربووین رێكارەكان تووندتر بكەینەوە، ساڵی رابردووش بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە توانیمان كۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بكەین.

شەوی ڕابردوو، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە قەدەغەی هاتووچۆ لە كاتژمێر ٨:٠٠ی ئەمشەو تا ٦:٠٠ی بەیانی و بڕیارەكە تا رۆژی ١٢ی ئەم مانگە جێبەجێدەكرێت.