سەردێر

“ڤاكسین زیانی لاوەكی نییە”

خەڵك
پزیشكێكی پسپۆڕ لە نەخۆشیەكانی هەناو و شەكرە دەڵێت، ڤاكسین هیچ زیانێكی لاوەكی نییەو پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ‌ ناكات.

د.زانا زرار، هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر و دكتۆرا (بۆردی ئینگلیزی) لە نەخۆشییەكانی هەناو و شەكرە، بۆ دەنگی ئەمریكا سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی ڤاكسین زیانی تەدروستی هەیە دەڵێت، گرنگە لەم كاتانە گوێ لەهەموو شتێك ڕانەگرین و تەنها سەیری بنەما زانستیەكان و گوێ لەقسەی ئەو كەسانە بگرین كە لەو بوارەدا شارەزاییان هەیە من خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم وەكو پزیشكێكی پسپۆڕ نەك هەر لەبواری پزیشكی بەڵكو لەبواری زانستی ڤایرۆلۆجی- لێكۆڵینەوەی ڤایرۆسی(virology) لێكۆڵینەوەم زۆر لەسەر كردووە و زۆرم لەسەر خوێندۆتەوە چونكە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی ئێمەوە هەیە.

وتیشی، ئێمە هەم لە لێشاوی یەكەم و هەم لەلێشاوی دووەم لەبەریتانیا نەخۆشێكی زۆرمان بینی و خۆشحاڵ بووین ئێستا سوپاس بۆخوا كە ڤاكسینێك بەردەستە و یەكێكە لەهۆكارە سەرەكییەكان كەوایكردووە حاڵاتی كۆرۆنا لەبەریتانیا زۆر كەمە.

دەشڵێت، هەندێك خەڵك بەداخەوە ئیستغلالی ترس و دوودڵی هاووڵاتیان دەكات و سۆشیال میدیا بووە بەبازاڕێكی گەرم بۆ ئەو كەسانەی كەئێمە پێیان دەڵێن(Anti-vaxxer) ئەوانەی دژە ڤاكسینن كەڕێژەیەكی كەمی خەڵكن 1% دانیشتوانی خەڵكی جیهان كەمترن بەڵام كاریگەریەكی زۆریان هەیە و سۆشیال میدیا بەكاردەهێنن بۆئەوەی بیری نادروست و قسەی نادروست بڵاوبكەنەوە و ترس لەناو خەڵك بڵاوبكەنەوە كەڤاكسین لێنەدەن.

د.زانا زرار دەشڵێت، ئەو مەترسی و كاریگەرییە خراپانەی دەربارەی ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنا باس دەكرێت ڕاست نییە، ئێمە لەئەرزی واقیع دەیبینین كەئەم ڤاكسینە شتێكی زۆر زۆر باش و كارایە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم نەخۆشی و پەتایە كارمەندانی تەندروستی و كەسوكاریشم لەبەریتانیا و لەكوردستانیش زۆر بەخۆشحاڵیەوە هەموومان لێمانداوە و بارودۆخمان باشە و ئەوەی باسی لێوەدەكەن لەسەر خوێن مەین و مەترسیەكان حاڵاتی زۆر زۆر كەمن هی ئەوە نییە خەڵك ئەوەندە لێی بترسێت.”