خەڵك
ئێستا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدایە.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانن.
لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا پەسەندكردنی بودجەی 2021 و هەڵبژاردنەكان و رەوشی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
سەبارەت بە كۆبوونەوەكە چاودێرێكی سیاسی بە (خەڵك) ی وت،” گرنگە ئەو كۆبوونەیە لەپێناوی كۆبوونەوە نەبێت و بڕیاری تێدا بدرێت، چونكە خەڵك لە كۆبوونەوە بێ ئەنجامەكان بێزار بووە، چەند گرنگە لایەنەكانی دەسەڵات لە كۆبوونەوەكەدا بەشداربن دوو هێندەش گرنگە ئۆپۆزسیۆنیشی تێدابێت، چونكە بەشێكی تێڕوانین و سەرنجەكان لە حكومەت لەلای ئەوانە”.
ئەم كۆبوونەوەیە لە دوای روودانی بارگرژی دێت لە ماوەی رابردوودا لەنێوان لایەنە سیاسییەكان و خراپی پەیوەندییەكانیان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
كۆبوونەوەكە هاوكاتیشە لەگەڵ سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و سەردانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بە ئەم نزیكانە.