سەردێر

پێویستە كۆبوونەوەی لایەنەكان بڕیاری هەبێت

چاودێرێك: خەڵك لە كۆبوونەوە بێ ئەنجامەكان بێزار بووە

خەڵك

بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی باڵا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا كۆببێتەوە و چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت پێویستە لەكۆبوونەوەكەدا بڕیار بدرێت نەك كۆبوونەوەبێت لەپێناوی كۆبوونەوە.

ئارام عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی بە(خەڵك) ی ڕاگەیاند، پێشنیارێكی لەوجۆرە بۆ كۆبوونەوەی لوتكە لەنێوان لایەنە سیاسیەكان بێگومان كارێكی باشە، بەڵام گرنگە ئەو كۆبوونەیە لەپێناوی كۆبوونەوە نەبێت و بڕیاری تێدا بدرێت، چەند گرنگە لایەنەكانی دەسەڵات لە كۆبوونەوەكەدا بەشداربن دوو هێندەش گرنگە ئۆپۆزسیۆنیشی تێدابێت، چونكە بەشێكی تێڕوانین و سەرنجەكان لە حكومەت لەلای ئەوانە.

وتیشی، سەرۆكایەتی هەرێم گەورەترین دەسەڵاتە و پێویستە بڕیار بدات، بەڵام ئێستا ئەو سەرۆكایەتییە بووە بە دامەزراوەیەكی تەشریفاتی وەك لەوەی بڕیاری بەدەست بێت و تا ئێستاش كێشەمان هەیە لەسەر بابەتی دەزگای ئاسایش و دانانی دادوەرەكان و هەست بە دەستتێوەردانی حكومەت دەكرێت و دەسەڵاتەكان وەك پێویست نەهێشتراوەتەوە كە لەپێشووتردا سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتێكی تەواوی هەبوو.

“خەڵك بێزار بووە لەكۆبوونەوە بێ‌ ئەنجامەكان”

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە كۆبوونەوەكە بڕیاری تێدابێت لایەنە سیاسییەكان ڕاشكاوانە باس لە گرفتەكانی نێوانیان بكەن و چارەسەر بدۆزنەوە و گرفتەكانی نێوانیان، چونكە خەڵك بێزار بووە لەكۆبوونەوە بێ‌ ئەنجامەكان.

دەشڵێت، كێشەكە لەوەدایە جگە لە ئۆپۆزسیۆن ئەو لایەنانەش كە لەدەسەڵاتدان خۆشیان ناڕازین لە پێكهێنانی حكومەت و گرفتیان هەیە، كەواتە قەیرانی سیاسی هەیە و نامەوێ‌ ڕەشبینبم بەڵام بڕوام وانییە ئەو كۆبوونەوەیە كێشەكان چارەسەر بكات چونكە دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەت باڵاترە بەسەر سەرۆكایەتی هەرێمدا .