سەردێر

ئاڵتون شكا و دۆلار بەرزبووەوە

خەڵك-
بەهۆی پەسەند كردنی یاسای بودجەی عیراق لەلایەن پەڕلەمان و سەرۆك كۆمارەوە، نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عیراق و هەرێم بەرزبووەوە و شارەزایەكی كاروباری زێڕ-یش دەڵێت: “نرخی ئاڵتون شكاوە”.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی، ئەمڕۆ جارێكی دیكە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبۆتەوە و بەهای 100 دۆلار بووە بە 147 هەزار و 350 دینار.

شارەزایانی كاروباری دراو پێیان وایە، “هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ پەسەند كردنی بودجە و ئیتر هیچ هیوایەك نەماوە بۆ دابەزاندنەوەی نرخەكەی”.

لای خۆشیەوە، دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ چوار شەممە نرخی زێڕ دابەزیوە بەجۆرێك نرخی یەك ئۆنسە بووە بە 1737 دۆلار لەكاتێكدا دوێنێ‌ بە 1744 دۆلار بوو.

وتیشی، “نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 362 هەزار و عەیارە 18 بە 311 هەزار دینارە و نرخی یەك لیرە بە 375 دۆلارە”.