سەردێر

مووچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ زیاد دەكرێت

خەڵك-
حكومەتی هەرێم یاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ هەموار دەكاتەوە و بەپێی ڕەشنووسی پڕۆژەكە، كارمەندان و هێزەكانی ناوخۆ لەسەر كۆی مووچە و دەرماڵەكانیان خانەنشین دەكرێن و بەوەش مووچەی خانەنشینییان زیاد دەكات.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە پەڕلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە كۆبوونەوەی خۆیاندا باسیان لەگرنگی كاركردن لەسەر پڕۆژە یاسای خانەنشینی ھێزەكانی ناوخۆ كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا نووسراوێك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێ بۆ ناردنی پڕۆژە یاساكە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ پەڕلەمانی كوردستان.

سەرچاوەیەكیش لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئاگاداری ئەو پڕۆژە یاسایەن، كە لەلایەن حكومەتەوە گەڵاڵە كراوە بۆ خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ (پۆلیس و ئاسایش) و بەپێی پڕۆژەكە كارمەندان و هێزەكانی ناوخۆ لەسەر كۆی مووچە و دەرماڵەكانیان خانەنشین دەكرێن لەكاتێكدا لە ئێستادا تەنها لەسەر مووچەی بنەڕەتی خانەنشین دەبن.

وتیشی، “ئەگەر ئەو پڕۆژەیە بەزوویی كاری لەسەر بكرێت و حكومەت ڕەوانەی بكات، دەبێتە هۆی زیاد بوونی مووچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ، چونكە لەدوای خزمەتی 15 ساڵییەوە بەمەرجێك تەمەنی 45 ساڵی تەواو كردبێت كارمەندان دەتوانن خۆیان خانەنشین بكەن”.

ئاشكراشی كرد، بە پلەبەندی بڕی خانەنشینی دیاری كراوە لەسەر كۆی مووچە و دەرماڵە، كە لە 60%ی كۆی مووچە و دەرماڵە دەستپێدەكات تاوەكو 80% بەپێی ساڵانی خزمەت.

بە وتەی سەرچاوەكە، “لە ئێستادا مووچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ زۆر كەمە و تەنها لەسەر مووچەی بنەڕەتییە، بەڵام بە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیە مووچە بەشێوەیەكی باش زیاد دەكات”.

بەپێی پڕۆژەكە ئەوەی 15 ساڵ خزمەتی هەبێت بە 60%ی مووچە و دەرماڵە خانەنشین دەبێت و ئەوەی 16 ساڵ بێت دەبێت بە 62% و 17 ساڵ خزمەت 64% و 18 ساڵ خزمەت بە 66% و 20 ساڵ بە 70% و 22 ساڵ خزمەت بە 74% و 25 ساڵ و زیاتر بە 80% خانەنشین دەبێت.