سەردێر

لە دادگای فیدراڵی تانە لە یاسای بودجە دەدرێت

خەڵك-
عەتوان عەتوانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، تانە لە بودجەی گشتی 2021 دەدرێت لە دادگای فیدراڵی.

عەتوانی بە ئاژانسی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاند”دادگای فیدراڵ تاكە لایەنی سەرپشكە كە سكاڵا و تانەكان لەو بڕیارانە وەردەگرێت كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەكرێن”.

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا”زیانێكی گەورە بە هاووڵاتی عیراقی گەیشتووە بەهۆی بڕیار و داڕشتنی یاسای بودجە، بەو پێیەی ڕەچاوی ڕەوشی ئابوری و دارایی و ئەو ڕەوشەی نەكردووە كە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت”.

عەتوان عەتوانی دەڵێت”چەندان پەرچەكردار و هەڵوێست هەن كە لەگەڵ دیدی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسادا یەكدەگرنەوە سەبارەت بە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار كە كاریگەریی گەورەی لەسەر هاووڵاتی هەبووە”.

دوێنێ‌ سیًَ شەممە، پەرلەمانی عیراق یاسای بودجەی ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆرمار كرد بۆ مەبەستی پەسەندكردنی.