خەڵك-
لە شاری هەولێر منداڵێك سویچەكانی باوكی دەبات و بەهۆی تیژڕۆیی لە كۆڵانەكان خۆی دەكێشێت بە 4 ئۆتۆمبێلی دیكەدا و دواتر وەردەگەڕێت.
مقەدەم فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە لە كاتژمێر 10:30 خوولەك لەناو گەڕەكی 32ی پاڕكی هەولێر لەیەكێك لەكۆڵانە لاوەكیەكان هەرزەكارێكی تەمەن 14ساڵ بەئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسانی تایبەتەوە خۆی كێشا بە 4 ئۆتۆمبێلی وەستاو لەبەردەرگای ماڵەكان و لەدواییش بەهۆی خێراییە زۆرەكەیەوە كۆنتڕۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا.
ڕاشیگەیاند، ڕوداوەكە زیانێكی گیانی نەبوو، بەڵام زیانێكی ماددی زۆری لێ كەوتەوە و ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆریش كەوتە دڵی دانیشتوانی گەڕەكەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتی لێكۆڵینەوەش سەبارەت بەچۆنیەتی ڕێگاپێدان بەمنداڵێك بەلێخوڕین لەكاتێك لەڕووی عەقلیەوە تەنانەت كامل نەبوە، بەداخەوە هەمان ئەو قسەیەمان بیستەوە، كە لەئەزەلەوە دەیبیستین و نەگۆڕاوە، ئەویش ئەوەشە، “وەڵلا ئاگامان لێنەبوە بەدزی سویچی لەگیرفانی باوكی دەرهێناوە”.