سەردێر

بەرهەم ساڵح و هادی عامری كۆبوونەوە

خەڵك-
سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازی لە سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح دەكات و جەخت لە بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەكەنەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢١/٤/٧ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا دەربارەی پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری وڵات و جەختكرایەوە لەگرنگی بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری و پشتیوانیكردن لە دیالۆگ لە دۆسییە بنەڕەتییەكان، لەسەر بنەمای ھێنانەدی بەرژوەندی گشتی و زامنكردنی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی ھاووڵاتیان و بەهێزكردنی پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی و پتەوكردنی دەسەڵات و سەروەری دەوڵەت.

ئاماژە بەوەشكراوە، هەر لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و گرنگی رەخساندنی دۆخی گونجاو و لەبار و زامنكردنی پاكوبێگەردی و دادپەروەری لە تەواوی قۆناغەكانی ھەڵبژاردنەكان و درێژەدان بە چاكسازی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، لەپێناو گەیشتن بە حكومڕانییەكی تەندروست، كە خزمەتكاری خەڵك بێت.