سەردێر

دوو بژاردە بۆ پڕۆسەی خوێندن ڕاگەیەنران

خەڵك-ئارام سەردار

سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵ بەفیڕۆ نەڕوات دوو بژاردەیان دەستنیشان كردوە.

عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، كۆبوونەوەی هاوبەشیان كردوە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە و یەكێتی مامۆستایان، بۆ گەڵاڵەكردنی پێشنیار لەسەر چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن، وەك لای هەموان ئاشكرایە ئێستا ئامارەكانی تووشبوون و مردن لەزیادبووندان.

دەشڵێت: “بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا، بەلای هەموو ئامادەبووانی كۆبوونەوە مومكین نیە دەرگای قوتابخانەكان ئێستا بەڕووی خوێندكاران بكرێتەوە، بۆیە هەموومان سەرقاڵی ئەوەین دەرچەیەك بدۆزینەوە وەك بژاردە تاوەكو خوێندنی ئەمساڵ بەفیڕۆ نەڕوات.

لەبارەی بژاردەكان وتی، “یەكێك لەبژاردەكان خوێندنی ئەلیكترۆنیە، هەرچەندە هەموومان دەزانین خوێندنی ئەلیكترۆنی بژاردەیەك نیە وەك جێگرەوە، بژاردەكی تریش تا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی دەكرێت دەرگای قوتابخانەكان بەداخراوی بمێنێتەوە، وەزارەتی پەروەردە سەرپشكە لەم دوو بژاردەیە لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا باسی بكات”.