سەردێر

لەسەدا 25ی ژنانی پارێزگەیەكی عیراق بێوەژنن

خەڵك-
بەشی پێگەیاندنی ژنان لە پارێزگەی ئەنبار، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێوەژن لە پارێزگەكەدا ئاشكرا دەكات و هۆشداریش دەدات لە زیادبوونی ڕێژەی هەژاریی.

ئەمڕۆ چوار شەممە، ڕۆژنامەی (الصباح)ی نیمچە فەرمی لە زاری ئینتیسار فەوزی فتێخان ئەبو ڕیشە، بەڕێوەبەری بەشی پێگەیاندنی ژنان لە ئەنبار ڕایگەیاند”زۆربەی خێزانەكان لە پارێزگەی ئەنبار، بەخێوكەرییان نەماوە بەهۆی ئەو شەڕانەی لە ساڵی 2004وە لە ئەنباردا ڕوودەدەن كە دواینیان كۆنترۆڵكردنی پارێزگەكە بووە لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكانی داعش”.

بە وتەی ئینتیسار ئەبو ڕیشە”لە هەمان كاتدا پێویستە ئێمە سەرچاوەی بژێوی ژیان بۆ ئەو ژنانە دابین بكەین كە بەرپرسیارێتی بەخێوكردنی خێزانیان كەوتۆتەئەستۆ، تا بتوانن خۆیان و منداڵەكانیان بەخێوبكەن”.

ئینتیسار ئەبو ڕیشە دەڵێت”نزیكەی 25%ی ژنانی پارێزگەكە بێوەژنن و بەرپرسارێتی بەخێوكردنی خێزانەكانیان كەوتۆتەئەستۆ، بۆیە پێویستە لەلایەن بەرپرسانی ئەنبارەوە ئاوڕیان لێبدرێتەوە، تا بتوانن خۆیان بەخێوبكەن، بەپێچەوانەوە ڕێژەی هەژاریی لە ئەنبار زیاتر دەبێت كە لەئێستادا نزیكەی 17%یە”.