سەردێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-
ئەنجوومەنی وەزیران پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی تاووتوێ دەكات و سەرۆك وەزیران ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە بڕگەكانی یاسای بودجە و داواش لە حكومەتی فیدراڵی دەكەین پابەندبوونەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوار شەممە 2021/4/7 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ، سەرۆك وەزیران سەبارەت بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 كرد دەستخۆشی لە تیمی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە ئەركەكانیان بە باشی ئەنجامدا، ئاماژەشی بەوەدا شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی، مافێكی دەستووری و ڕەوای هەرێمی كوردستانە.

جەختیشی لەوە كردەوە، كە “حكومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندە بە بڕگەكانی یاسای بودجە” و داواشی لە حكومەتی فیدراڵی كرد، كە پابەندبوونەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاكسازی و كاركردن بۆ زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان بە ئاراستەی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی شایستە و گەشەپێدانی دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان.

لای خۆشیەوە، جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی، كورتە‌یە‌كی لە‌بارە‌ی گفتوگۆكانیان لە ‌بە‌غدا خستە‌ڕوو، ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا، كە‌ پێویستە‌ ھە‌ردوو حكومە‌تی فیدراڵ و ھە‌رێم، پابە‌ند بن بە‌و رێنمایاییانە‌ی، كە‌ دواتر دە‌ردە‌چن بۆ جێبە‌جێكردنی یاسای بودجە‌ی 2021.

وتیشی، “لە‌گفتوگۆكانمان لە‌گە‌ڵ پە‌ڕلە‌مان و حكومە‌ت و لایە‌نە‌ عێراقییە‌كان، جە‌ختمان لە‌سە‌ر پابە‌ند بوون بە‌ دە‌ستوور كردە‌وە‌ بۆ دە‌ستە‌بە‌ركردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان”.

هاوكات، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێكی دەربارەی دوایین ئامادەكارییەكانی تایبەت بە گەڵاڵەكردنی ڕەشنووسی یەكەمی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021 خستەڕوو و وتی، “ئامادە‌كارییە‌كان هەنگاوی باشیان بڕیوە و لە‌داھاتوویە‌كی نزیكدا، ئە‌و پڕۆژە‌‌ یاسایە‌ ئامادە‌ دە‌بێت”.

لە‌كۆتایی كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تە‌ندروستی ھە‌رێمی كوردستان و چۆنییە‌تی ڕووبە‌ڕووبوونە‌وە‌ی بڵاوبوونە‌وە‌ی زیاتری ڤایرۆ‌سی كۆرۆنا كرا. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە ‌ھاووڵاتییان دەكات پابە‌ندی رێنماییە‌كان بن لە پێناو كە‌مكردنە‌وە‌ی ڕێژەی تووشبوون بە‌و ڤایرۆسە‌ ، بە‌تایبە‌تیش چونكە ئێستا ژمارە‌ی تووشبووان لە‌ ھە‌ڵكشاندایە‌.

May be an image of indoor