سەردێر

وڵاتێكی ئاسیا، لە ڕۆژێكدا زیاتر لە 115 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی هیندستان، تۆماركردنی 115 هەزار تووشبوونی نوێ‌ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا ڕادەگەیەنێت، ئەمەش بە ژمارەیەكی پێوانەیی تووشبوون لە وڵاتەكەدا دادەنرێت.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هیندستانەوە بڵاوكرایەوە”115736 تووشبووی نوێ‌ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوو تۆماركرا، بەمەش كۆی گشتی ژمارەی تووشبوان لە وڵاتدا بۆ 12.80 ملیۆن بەرزبۆوە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە لە ماوەی یەك ڕۆژدا 630 كەس بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستداوە و لەئێستاشدا كۆی گشتی ژمارەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە وڵاتەكە گەیشتۆتە 166177 كەس.

ئەمە ڕۆژی دووەمە لە هەفتەیەكدا كە ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هیندستان 100 هەزار كەس تێدەپەڕێنێت و تاكە وڵاتیش كە تائێستا ژمارەی تووشبوونی هاوشێوەی تۆماركردبێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانە.