سەردێر

شەش ژن لە سلێمانی بەهۆی دزیكردنەوە دەستگیركران

خەڵك-
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی شەش ژن بەتۆمەتی دزیكردن ڕادەگەیەنێت كە دوانیان لە نێو ماڵێكدا گیراون ویستووتانە دزی لێبكەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ چوار شەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیەوە بڵاوكرایەوە”پاش ئەوەی ھاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە بڕی 10 ملیۆن دیناری لەناحیەی عەربەت لێدزراوە، دەستبەجێ ھێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو توانرا چوار ژن لەناحیەی سەیدسادق و عەربەت بەتۆمەتی دزینی پارەكە دەستگیر بكرێن، دەستیشگیرا بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا كە دزیبویان”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لەلایەكی دیكەوە مەفرەزەكانی پۆلیس دوو تۆمەتباری ژنیان لەماڵێكدا لەناحیەی وارماوا دەستگیركرد كە بەنیازبون كەلوپەل و پارە لەو ماڵە بدزن”.

پۆلیسی سلێمانی، دەڵێت”سەرجەم تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوەو لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 444 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون”.