سەردێر

پرۆژەی دەستوور دەگەڕێتەوە

ئایا گۆڕان دەبێتەوە بەربەستە بەهێزەكەی جاران لە پێش دەستوور؟

 

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

جارێكی دیكە هەوڵەكانی تەواوكردنی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە و بەپێی زانیارییەكان، فراكسیۆنی دەسەڵات كە پارتی دیموكراتی كوردستانە هەوڵ دەدات لە ئەم خولەدا تەواوی بكات، هاوكات چاودێران پێشبینی دەكەن ناكۆكیی لایەنە سیاسییەكان كە 10 ساڵە پرۆژەكەی دواخستووە، لە ئەم خولەدا كەمتر ببێتەوە، بەتایبەتی بەهۆی لاوازبوونی ركابەرەكانی پارتی.

دەستووری هەرێمی كوردستان دوای چەندین جار لە هەوڵی نووسینەوەی ڕەشنووسەكەی و راگیرانی، بڕیارە بۆ جارێكی دیكە ئەو هەوڵانە دەستپێبكاتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانیش داوای لە فراكسیۆنەكان كردووە پێشنیاری حزبەكانیان بهێننە نێو پەڕلەمان تاكو بتوانن دەستوورێكی گشتگیر بنوسنەوە و لەم خولەدا تێیبپەڕێنن.

 

چاوەڕێی پێشنیاری لایەنەكان دەكرێت بۆ دەستوور

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبووەتەوە و گفتوگۆ لەبارەی نووسینەوەی دەستوور و شێوازی نووسینەوەكەی كرا و ماوەیەكیش دراوە بە لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی سەرنج و پێشنیارەكانیان لەڕێگەی حزبەوە بگەیەننە پەڕلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی كۆدەنگییەكی تەواو سەبارەت بە نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان دروست ببێت.

وتیشی”لە خولی پێشووی پەڕلەماندا لیژنەیەك بۆ ئامادەكردن و نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو نزیكەی 73 ماددەی تێدا نوسراوەتەوە، لەم خولەشدا كاری لەپێشینەی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بریتی بووە لە نووسینەوەی دەستوور بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەم خولی پێنجەمەدا بێتە خاوەنی دەستووری خۆی “.

لای خۆیەوە ڕوپاك ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕەشنووسێكی دەستوور لە خولی ڕابردوو نوسراوەتەوە، ئێمەش داوامان كردووە ئەو لیژنەیە دەستبەكار بێت كە پیشتر بوونیان هەبوو، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی دەڵێت بەپێی یاسا لە خولی ڕابردوو ماوەكەیان بەسەرچووە و هەڵوەشاوەتەوە.
وتیشی”دەستوور دەبێت یەكسانی تێدا بێت لەنێوان هەموو حزب و پێكهاتەكان، چونكە دەستوور بۆ هەرێمە نەك بۆ حزب، كە دەبینە خاوەنی دەستووری خۆمان كۆمەڵێك پرەنسیپ هەیە دەبێت بیپارێزین، ناكرێت بە خواستی دوو حزب دەستوور بنوسرێتەوە”.

دەستووری هەرێمی كوردستان بەهۆی فرە نەتەوەیی و فرە ئایینییەوە زەحمەتە بە ئاسانی بنووسرێتەوەو تێبپەڕێنرێت، چونكە لە خولی ڕابردوو ئەم گرفتانە لەنێوان حزبەكان وایكرد كە ئەو پرسە و لیژنەكەشی لەبار ببرێت.

ڕوپاك ئەحمەد ئاشكراشیكرد، دەستوور دەنگدانی بۆ دەكرێت و ناتوانن ئەوەی بیانەوێت لە دەستووردا بەئاسانی تێپەڕێنن.

وتیشی”ئەو داواكاریانەی پێشتر هەمانبووە ئێستاش داكۆكی لێدەكەین، چونكە داواكاری خەڵكە و دەستووری بەپێی هەندێك بنەما دەنوسرێتەوە، ئەو بنەمایانەی تێدا بێتەدی و لەناو پەڕلەمانیش فشارمان دەبێت”.

 

بەزاندنی بنەماكانی ئیسلام هێڵی سوورە

ئەو پەڕلەمانتارەی كۆمەڵ ڕوونیشیكردەوە، لەناو ڕەشنووسی دەستوور دەبێت ئەندامی هەموو فراكسیۆنەكانی تێدا بێت هەر بڕگەیەك جێگیر كرا و پێچەوانەی ئیسلام بێت بە هەموو شێوەیەك دژین، خەڵكی هەریم بە حزبی عەلمانی و ئیسلامیشەوە دژی مادەیەكی لەو شێوەیەن كە پێچەوانەی ئیسلام بێت و ئەگەر هەوڵێكی لەو شێوەیەش بدرێت سەركەوتوو نابن.

 

گۆڕان دەبێتەوە بەربەستە گەورەكەی پێش دەستوور؟

بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا گەورەترین بەربەستی تێپەڕینی پرۆژەی دەستوور بووە لە ماوەی دوو خولی پەرلەماندا، بەڵام ئێستا گۆڕان بچوك بووەتەوە و هاوپەیمانیی پارتیشە، بۆیە رەنگە چی دیكە گۆڕان ئەو بەربەستە نەبێـت.

جەلال محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تا ئێستا بابەتی دەستوور نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو لیژنەی بۆ دانەنراوە، پێویستە دەستەی سەرۆكایەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە تایبەتمەندەكان پرس بە خەڵكی پسپۆڕ بكەن لە دەرەوەی پەڕلەمان بۆ نووسینەوەی دەستوور، چونكە دەستوور بابەتێكی نیشتمانییە.

وتیشی”گۆڕان ڕێككەوتنی كردووە لەگەڵ پارتی لە بڕگەیەكدا، كە هەر بابەتێك كە ڕەهەندی نیشتمانی هەبێت دەبێت بە سازان تێپەڕێنرێت”.

ئاشكراشیكرد، دەستوور بابەتێكی گرنگە و دەبێت لەم خولەدا تێپەڕێنرێت، بەڵام پێویستە نەبینە ڕێگر بۆ تێپەڕاندنی دەستوور، ئەوكاتەش دەردەكەوێت هەم پارتی و یەكێتی، هەم گۆڕان و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵك خواستیان چییە و چیان دەوێت.

راشیگەیاند هەموومان ئامانجمان بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكە و ئامادەین لەگەڵ لایەنەكان كۆببینەوە و ڕێكبەوین بۆ ئەوەی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور كە گوزارشت لە ئیرادەی سەرجەم لایەنەكان و خەڵك بكات.