سەردێر

مەترسی لەسەر پڕۆسەی خوێندن هەیە

ئەگەری فەوتانی خوێندنی ئەمساڵ هەیە

خەڵك-

سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی عیسا حوسێن ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت 10ی مانگ دەرگای قوتابخانەكان ناكرێنەوە، لەبەرئەوەی تووشبووانی كۆرۆنا و ژمارەی مردن ڕوو لە هەڵكشانە و نەخۆشییەكەش توندە.
بڕیارە 10ی ئەم مانگە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بۆ جارێكی دیكە كۆببێتەوە و بڕیاری پێویست سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا لە هەرێم بدات، بەپێی زانیارییەكانیش ئەگەری قەدەغەی هاتوچۆی سنووردار لە ئارادایە.

عیسا حوسێن سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەداخەوە بەشێكی زۆر لە مامۆستایان و بەتایبەت مامۆستایانی پۆلی 12 تووشی كۆرۆنا بوون و خوێندكارانیش تووشبوویان هەیە.

ئاشكراشیكرد، چارەنووسی پڕۆسەی پەروەردە لە ساڵی ڕابردوەوە لە مەترسیدایە، هەرچۆنێك بێت ساڵی ڕابردوو كۆتایی پێهێنرا، بەڵام ئەمساڵ نەتوانراوە وەرزێكیش بخوێنرێت، بۆیە ئەم حاڵەتە نوێیەی كۆرۆنا توانی بە یەكجاری بیوەستێنێت.
دەشڵێت، پڕۆسەی پەروەردە لە حاڵەتێكی مەترسیدارایە و ساڵی خوێندن لە حاڵەتی فەوتاندایە، هەرچەندە حكومەت بەڵێنی داوە نەفەوتێت.
سەبارت بە وەرزی دووەمی خوێندن ناوبراو ڕایگەیاند، ئەوەی وەزارەتی پەروەردە دایناوە مانگی 9 وەرزی دووەم دەستپبیكەین پێموانییە ئەم بەرنامەیە جێبەجێ بكەین و زۆر قورسە، بۆیە پێشبینی دەكەم خوێندن ئۆنلاین دەستپێبكاتەوە، هەرچەندە ئۆنلاین سەركەوتوو نەبوو، بەڵام باشترە لەوەی كە هیچ نەخوێنرێت.

كلیك بكە بۆ زانیاری زیاتر