خەڵک –
بەهۆی زیان گەیاندن بەکۆمەڵگە و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتى هەرێم ژمارەیەك بەرنامەی كەناڵە ئاسمانیەكان ڕاگرت.
لەسێ نوسراوی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاواندا کە ئاڕاستەى سێ کەناڵی ئاسمانی کردووە، داوای کردووە تا هەفتەیەکی دیکە چەند بەرنامەیەکیان ڕابگرن و پێداچوونەوە بەناوەڕۆکی بەرنامەکانیاندا بکەن، ئەگەرنا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەناڵانە دەگیرێتەبەر.
هۆکاری ئەم داواکارییە وەک لەنوسراوەکاندا باسکراوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، زۆرێک لەگفتوگۆکانی بەرنامەکان نەشیاوە و دوورە لەنەریتی کۆمەڵایەتی، و پێچەوانەى نەریت و ئادابی گشتییە و زیان بە کۆمەڵگە و شیرازەی خێزان دەگەیەنێت.
بەرنامەکان بریتین لە (بەرنامەی نێتگرام لەنێت تیڤی، بەرنامەی شۆ مەگەزین لە كوردماكس، بەرنامەی نایت شۆ لە کۆڕەک).
ئەمە لەکاتێکدایە ماوەیەکە ناڕەزایەتی و سکاڵایەکی زۆر ئاڕاستەى وەزارەتی ڕۆشنبیری کراوە و لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بەشێک لەهاوڵاتییان نیگەرانی خۆیان لەو جۆرە بەرنامانە دەردەبڕن.