سەردێر

وردەكاری پرۆژەیاسای تایبەت بە سوتەمەنی

رێگری لە قۆرخكاری لە بواری سوتەمەنی دەكات

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە ئەمڕۆ خوێندنەوەی‌ دووەم بۆ پێشنیازە یاسای‌ (هاوردەكردن‌و فرۆشتنی‌ بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمی‌ كوردستان) لە پەڕلەمانی‌ كوردستان بەڕێوەبچێت، خودی‌ پێشنیازە یاساكە كە ئامانجی‌ ڕێكخستنی‌ كاری‌ كۆمپانیاكانی‌ هاوردەكردن‌ و فرۆشتنی‌ بەرهەمە نەوتییەكان‌ و ڕێگەگرتنە لە بەرهەمی‌ نەوتی‌ خراپ و ستانداردكردنی‌ بەرهەمە نەوتییەكان‌ و ڕێگەگرتن لە قۆرخكاریی‌‌ و ڕەخساندنی‌ دەرفەتی‌ یەكسان لەبەردەم كەرتی‌ تایبەتدا بۆ بازرگانی‌ لەم بوارەدا، گرنگەو جێگەی‌ ئومێدە، بەڵام حیكمەتی‌ گەورە لە جێبەجێكرنیدایە وەكخۆی‌.

عومەر گوڵپی ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەم پێشنیازە یاسایە وابەستەیە بە كاری‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەكان‌ و بەرپرسیاری‌ دەركردنی‌ ڕێنمایی‌ و جێبەجێكردنی‌ یاساكەیە، ئەو وەزارەتەی‌ كە بووەتە بەشێكی‌ سەرەكی‌ كێشەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان.

وتیشی”پرسیاری‌ گرنگ ئەوەیە، دوای‌ دەركردنی‌ ئەم یاسایە چی‌؟ ئایا قۆرخكاریی‌ لە بواری‌ بازرگانی نەوت‌ و سوتەمەنی‌ كۆتایی‌ دێت؟ ئایا وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەكان بە خێرایی‌‌ و بێلایەنانە ئەم یاسایە جێبەجێدەكات؟ یان نەخێر وەك یاسای‌ (سندوقی‌ كوردستان بۆ داهاتە نەوتی‌‌ و گازییەكان) لە ڕەفەكانیدا هەڵیدەگرێت‌ و داهاتی‌ نەوت بە نادیاری‌ دەمێنێتەوە؟”.

راشیگەیاند هیوادارین و كاریش بۆ ئەوە دەكەین، ئەو فەوزایەی‌ لە بواری‌ نەوت‌ و سوتەمەنی‌ هەیە كۆتایی‌ پێبهێنرێت، بەڵام ئەم بابەتە ئیرادەیەكی‌ سیاسی‌ بەهێزی‌ دەوێت كە تا ئێستا لەدایكنەبووە، دەزگای نیشتیمانی بەهێزی دەوێت، چونكە فەوزای‌ نەوت‌ و بازرگانی‌ سوتەمەنی‌ دەرفەتێكی‌ گەورەی‌ بۆ دەوڵەمەندبوونی‌ نایاساییانەی‌ كۆمپانیا حزبییەكانی‌ هەردوو حزبی‌ دەسەڵات ڕەخساندووە و هێزەكانی‌ دەسەڵات لەژێر هەیمەنەی‌ چەكی‌ حزبیاندا سەرقاڵی‌ بازرگانییەكی‌ بێ بەزەیین كە بێجگە لە زیانی‌ ماددی‌ لەسەر داهاتی‌ كوردستان، زیانی‌ تەندروستیشی‌ بۆ خەڵك بەدوای‌ خۆیدا هێناوە.