سەردێر

شەنگال لە چاوەڕوانی جەنگدایە

"ئەمریكا ئیدارەی ململانێكان دەكات نەك یەكلاییكردنەوەیان"

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، ململانێ نێوخۆییەكانی و نێودەوڵەتیی و هەرێمییەكان لە خاكی عێراق و بەردەوامە و هاووڵاتیشانیش باجەكەی دەدەن.
هەرچەندە ڕێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال ئەنجامدراوە، بەڵام هەندێك لایەنی نێوخۆیی لەنێو عێراق و هەندێك لە دەرەوەی عێراق نایانەوێت ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت، ئەمەش مەترسی سەرهەڵدانی جەنگێكی چاوەڕوانكراوی لێدەكرێت.

عەبدوڵڵا ڕێشاوی چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بابەتی شەنگال مەترسی ئەوەی لێدەكرێت ببێتە كێشەیەكی سەربازی، چونكە شوێنێكی جیۆسیاسی گرنگی هەیە.
وتیشی “ئێران و ئەوانەی لەگەڵی هاوپەیمانن پێویستیان بە ناوچەكەیە، ئەو بڕیارەی كە حكومەتی عێراق داوێتی بۆ ئاساییكردنەوەی شەنگال حەتمەن بە پاڵپشتی ئەمریكا داوێتی و ئێرانیش بەوە ڕازی نییە، بەدڵنیاییەوە لەو شوێنانەشی ئەمریكا دەیەوێت بوونی ببێت، ئێرانییەكان هیچیان پێناكرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێستا گەلانی ناوچەكە هەست دەكەن ئەمریكا جگە لە ململانێی هیچیتر ناكات، ئەمریكاش بیر لەوە ناكاتەوە خەڵك چۆن باجەكەی دەدات، بەشێوەیەك دێت ئیدارەی ململانێكان دەكات، نایەت ململانێكان یەكلابكاتەوە.

ڕوونیشیكردەوە، لابردنی سەدام كارێكی یەكلاكەرەوە بوو، بەڵام دوای ئەوە ململانێی شیعە لەگەڵ ئەمریكا یەكلایی ناكاتەوە و بەردەوامی پێدەدات، لێرەدا خەڵكی ناوچەكە بیر لەوە دەكەنەوە چۆن بیر لە پەنابردن بۆ وڵاتی چین ببەن، بۆ نمونە ئێران پەنای بۆ چین برد و ڕزگاری بوو لەو هەموو فشارەكان، لەبەرئەوە دەبێت ئەمریكا بترسێت لە زۆربوونی هاوپەیمانەكانی چین لە ناوچەكەدا، چونكە وڵاتی چین كە دێتە پێشەوە بە خزمەتگوزاری و پارە دێتەپێشەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمریكا لەگەڵ ئەوەی كاری كردووە، بەڵام كێشەكان یەكلایی ناكاتەوەو ئەوەش كاریگەری لەسەر دانیشتوانی ناوچەكە دەبێت.