سەردێر

پیاوێك بە جلی ژنانەوە سواڵ بە خوشكەزاكانی دەكات

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، پیاوێك بە جلی ژنانەوە دەستگیر كرا، كە سواڵی كردووە و لەگەڵ خۆشیدا سێ‌ خوشكەزای بەكارهێناوە بۆ ئەو كارە.

مقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نووسینگەی ڕۆژهەڵات، دوای چاودێرییەكی وردی كەسێك، كەوا بە جلوبەرگی ئافرەتانەوە دەرۆزەی دەكرد، توانییان ناسنامەكەی ئاشكرا بكەن و دەستگیری بكەن.

ڕاشیگەیاند، ئەو كەسە ناوی (ش.ع.ب)ە و پیاو بووە و خۆی كردبووە ئافرەت و دەرۆزەی بە سێ لە خوشكەزاكانی دەكرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، تۆمەتباری ئاماژەپێكراو، دانی نا بە تاوانەكەیدا، كە ماوەیەكە ئەم كارە لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەی نزیك بازاڕی لەنگە دەكات و سێ خوشكەزاشی بۆ ئەو مەبەستە بەكارهێناون.

مقەدەم هۆگر جەختیشی كردەوە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (390) لە یاسای سزادان، ڕاگیراوەشۆ.