سەردێر

عیراق ڕێكەوتنەكەی چین جێبەجێ‌ دەكات

 

خەڵك-

ڕاوێكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی، وردەكاریی ڕێكەوتنی هەماهەنگی واژۆكراوی نێوان عیراق و چین ئاشكرا دەكات و ئاماژە بە دەستكردن بە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكەش دەكات.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی بە ئاژانسی فەرمی ڕاگەیاند”ڕێكەوتنی واژۆكراوی هەماهەنگی نێوان عیراق و كۆماری میللی چین كە بۆ بیست ساڵ درێژە دەكێشێت، لەسەر بنەمای نەوت بەرانبەر بە ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانە لە عیراق”.

بە وتەی ڕاوێكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی”رێكەوتنەكە كاریگەریی ماوە و نزیكەی ملیارێك دۆلاری لە بودجەی گشتی فیدراڵی ساڵی 2021دا بۆ تەرخانكراوە، تا جێبەجێ‌ بكرێت و بەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت كە ڕێكەوتنەكە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

مەزهەر محەمەد ساڵح دەڵێت”هەروەها لە كەرتی وزەش حكومەتی عیراق بڕیاریداوە كۆمپانیا ڕەسەنەكانی چین بانگێشت بكات بۆ مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكان و لەسەر بنەمای كێبڕكێ‌ و بە كوالێتی جیهانی كارپێكراو، بەپێی ڕێكەوتنەكەش دەبێت بڕی پارەی 100 هەزار بەلارمیل نەوت لە هەناردەی نەوتی عیراق بدرێتە چین و لە ئەژمارێكی بانكیدا دابنرێت، تا لە پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتناندا كە پەیوەندییان بە ژیانی گەلەوە هەیە، خەرج بكرێت”.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، فەرمانی كردبوو بە دەستكردن بە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی چینی كە لە مانگی ئەیلولی 2019 لەنێوان هەردوو وڵاتدا لە پەكین واژۆكرا.