سەردێر

یەكێتی ئەوروپا لەسەر دەمیرتاش هاتەدەنگ

خەڵك-
یەكێتی ئەوروپا لەسەر ئازاد نەكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوووی هەدەپە و پەڕلەمانتاری ئەو پارتە هۆشداری بە توركیا دەدات و دەڵێت: “دەبێت توركیا ڕێز لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و یاساكان بگرێت”.

شارك میشێل، سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتی ئەوروپا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، دادگای ئەوروپا بە ڕوونی سەبارەت بە دەستگیركردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕای خۆی دەربڕیوە، بۆیە دەبێت توركیا ڕێز لە بنەماكانی ماف و یاساكان بگرێت.

ڕاشیگەیاندووە، داوامان لە توركیا كردووە مافەكانی مرۆڤ پێشێل نەكات.

میشێل پەیامێكیشی ئاڕاستەی توركیا كرد و ڕایگەیاند، “پێویستە سەرجەم چەكدارە بیانییەكان بەزووترین كات خاكی لیبیا جێبهێڵن”.

لە 22-12-2020دا دادگای ئەوروپا بڕیاریدا بە ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و بێ‌ تاوان بوونی لەهەموو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراوە، ئەوەی دوای ئەوەی ماوەی زیاتر لە 3 ساڵە دەمیرتاش لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ “پەكەكە” دەستگیركراوە و سزای زیندانی زیاتر لە 100 ساڵی بەسەردا سەپێنراوە.