سەردێر

بڕیار لەسەر كۆتایهێنان بە پڕۆسەی خوێندن لە هەرێم دەدرێت

خەڵك-

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی خوێندن لە قەیراندایە و لە چەند ساڵی داهاتوودا كاریگەری دەردەكەوێت.

بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بۆ جارێكیتر دەرگای قوتابخانەكان داخران و بەپێی پێشبینییەكانی تەندروستیش، بەهیۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی كۆرۆنا ئەگەری كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دوورە.

سەبارەت بە كۆتایهێنان بە پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، بەتایبەت دوای تاقیكردنەوەكان، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ئێستادا زووە بۆ بڕیاری كۆتایهێنان بە پڕۆسەی خوێندن.
وتیشی”تاكو بارودۆخەكە نەبینین، ناتوانین قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەین”.

لای خۆشیەوە دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەگەر تەندروستی و دۆخەكە ڕێگر بێت لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، ئەگەر هەیە دوای تاقیكردنەوەی 20 نمرەكە كۆتایی بە وەرزی یەكەم بهێنرێت و ئەو 20 نمرە بۆ تەواوی وەرزی یەكەمی ئەمساڵ هەژمار بكرێت.

لەلایەكیترەوە سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، بڕیارەكانی وەزارەت لەبارەی ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەكان هەمان بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایە و ڕۆژی ١٠ی مانگ بڕیاری نوێ دەدرێت.

وتیشی”نازانن ڕەوشی كۆرۆنا بەرەوكوێ دەچێت، هەموو هەوڵەكانیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی خوێندنە، بەڵام ڕێنماییەكانی خۆپارێزیش لەبەرچاو دەگرن، وەرزی یەكەمی خوێندنیش لە كاتی خۆیدا تەواو دەكرێت و بۆ وەرزی دووەم پێشتر وەزارەت بڕیاری خۆی داوە و لە مانگی ئەیلولی داهاتوو دەست بە خوێندنی دەكرێت”.

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆببێتەوە و بەپێی دۆخی تەندروستی هەرێم بڕیاری نوێ بۆ پڕۆسەی خوێندن و سەرجەم سێكتەرەكان بۆ خۆپارێزی دەربكات.