سەردێر

هاوپەیمانی فەتح، داوای دەرچوونی هێزە بیانییەكان دەكات

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێزە بیانییەكان مەترسییەكی ڕاستەوخۆین بۆسەر ئاسایشی عێراق.
محەمەد بەلداوی پەڕلەمانتاری فراكسیۆنی فتح لە پەڕلەمانی عێراق بە “مەعلومە”ی ڕاگەیاند، پێویستە هێزە بیانییەكان لە عێراق بكشێنەوە چونكە مەترسیان بۆسەر ئاسایشی وڵات دروست كردووە.
وتیشی”كاری پێویستی حكومەتی ئێستا عێراق ئەوەیە بەردەوامی بە پڕۆژەی دەركردنی هێزە بیانییەكان بدات كە حكومەتی ڕابردووی عێراق دەستیپێكردبوو، چونكە ئەم هێزانە مەترسیان بۆسەر وڵات و ناوچەكە دروست كردووە و دەیانەوێ لێرەوە هێرش بكەنەسەر وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش قبوڵكراو نییە”.
ئاشكراشیكرد، ئێمە دمانەوێ لەم وڵاتە بە ئارامی بژین، بەڵام ئەمریكا دەیەوێت سوود لە خاكی عێراق وەربگرێت بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی.
جەختی لەوەش كردەوە، هێزەكانی عێراق توانای كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی ئەمنی عێراقیان هەیە و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاش بابەتێكی هەموو عێراقیییەكان داوای دەكەن.
هەرچەندە لایەنە شیعییەكان داوای دەرچوونی هێزە بیانییەكان و بەتایبەت ئەمریكا دەكەن لە عێراق، بەڵام ئەمریكا تاكو ئێستا هیچ هێزێكی نەكشاندوەتەوە، هاوات بەردەوامیشە لەسەر بەهێزكردنی پێگە و بنكەو بارەگاكانی.