سەردێر

باڤڵ تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

6ی نیسان بۆ ئێمە ڕۆژی وەفاداری و بەردەوامیمانە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی حەكیمانەی مام جەلال

خەڵك-

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ 16 ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلال وەك یەكەمین سەرۆككۆماری كورد لە مێژووی عێراق تێدەپەڕێت.
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەژماری خۆی بڵاویكردەوە، ئێمە بە شانازییەوە یادی ئەو ڕۆژە پڕ شكۆیە دەكەینەوە. 6ی نیسان بۆ ئێمە ڕۆژی وەفاداری و بەردەوامیمانە بۆ درێژەدان بە سیاسەتی حەكیمانەی مام جەلال، ڕۆژی بەرپرسیارێتیمانە بەرامبەر نەتەوەكەمان و هەموو ئەو بەها و بڕوایانەی مام بەرگری لێكردوون.

دەشڵێت”دیموكراسی، تەبایی و پێكەوەژیان بناغەی سیاسەتی مام جەلال بووە و ئێمەش هەڵگری ئەو مەشخەڵە دەبین. دیالۆگ و لێكتێگەیشتن ستراتیژی كاركردنمان دەبێت و لەسەر ڕێبازەكەی بەردەوام دەبی”.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، عێراق بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت، نەبوونی متمانە لەنێوان هێز و لایەنەكان، ئەنجامنەدانی دیالۆگێكی نیشتمانیی لەپێناو چارەسەكردنی كێشەكان پێمان دەڵێت هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال لە ڕابردوودا چەند گرنگ بووە. ئەو چەترێك بوو بۆ هەموو عێراقییەكان و بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی هەمووانی بۆ مێزی گفتوگۆ بانگهێشت دەكرد. هەموولایەكیش ئەم ڕاستییە دەزانن و شایەتی بۆ هەوڵی بێوچانی ئەو دەدەن لەپێناو سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق.