سەردێر

تەندروستی سلێمانی: ڤاكسینەكەی هەرێم ماوەی بەسەرچوونی نزیكە

خەڵك-

جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دابینكردنی ڤاكسین مەركەزییە و لەدەست دەسەڵاتی حكومەتی عێراقیە.

د.هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ئەگەر بەراوردێك بكەین لە ژمارەی كارمەند و ئەوانەی لەناوەندەكانی تەندروستی كاردەكەن لەگەڵ ئەو بڕی ڤاكسینەی نێردراوە بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئەو بڕە ڤاكسینە بەتەنها بەشی ناوەندە تەندروستیەكان ناكات یاخود دەتوانم بڵێم سەربەسەر لێی دەردەچین.
وتیشی”لەوەدەچێت ژمارەی كارمەندانی تەندروستی هەرێم بڕێك لەوەش زیاتر بێت، بەڵام ئێمە بەڕاستی نایشارینەوە ئەو بڕە ڤاكسینەی كەهاتووە یەكەم ماوەی بەسەرچوونی نزیكە، بڕەكەشی بەو شێوەیەیە ئێستاش شتێك دروستبووە لەسەر مەسەلەی ڤاكسین كەزۆر دڵنیانیین لەو ڤاكسینە”.

ڕوونیشیكردەوە، مەسەلەی یەكلاكردنەوەی كاریگەری نەرێنی ئەم ڤاكسینە یاخود كاریگەری لاوەكی ئەم ڤاكسینە هێشتا لەهەرێمی كوردستاندا هیچ حاڵەتێكی وامان بەدینەكردووە هەتا بڵێین كاریگەری ئەم ڤاكسینە خراپە، ئەوەی دەوترێت لەهەندێك وڵات تێبینی كراوە و دەبێتەهۆی مەسەلەی خوێن مەین، لەسنوری پارێزگای سلێمانی تا ئێستا هیچ كەسێك سكاڵای لەسەر ئەوە نەبووە كەئەم ڤاكسینە دەقاو دەق دەبێتە هۆكاری خوێن مەین، ئەمە ئایندە دیاریدەكات هەتا ژەمی دووەمیش وەردەگرن بۆیە ئێمە ئێستا لەلایەن خۆمانەوە بەڕاستی دەمانەوێت تەنانەت كارمەندان و پزیشكانیش بەدەم ئەم ڤاكسینەوە بچن، چونكە دەركەوتووە تاكە ڕێگەی لاوازكردنی شەپۆلی كۆرۆنا تەنها ڤاكسین یاخود ئەوەیە بەرگریەكی گشتی دروست بێت.

سەبارەت بەوەی بۆچی هیچ بەرپرسێكی باڵای هەرێم نەبینران لەڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنا وەرگرن؟ د.هێرش ڕایگەیاند، پێویستە ڕاگەیاندن ئەم پرسیارە ئاڕاستەی خودی ئەو كەسانە بكات، ئایا بۆچی بەكاریان نەهێناوە؟! متمانەیان بەڤایرۆسەكە نییە!؟ یان خۆیان ئەوەندە پارێزراون تووش نابن!؟ بەڵام كێ دەڵێت بەكاریشیان نەهێناوە!؟ لەوانەیە ئێستا هەیە لەو وڵاتانەی دەوروبەر بەپارە ڤاكسین وەردەگرێت، چونكە ئێستا خەریكە پرۆسەی بڵاوبوونەوەی ڤاكسین بەبازرگانی دەكرێت لەبەرئەوە بۆی هەیە بەكاریانهێنابێت، بەڵام لەوانەیە نەبێت ئەو جۆرە بێت یاخود ئەوان واهەست دەكەن زیاترپارێزراون لەمەسەلەی ڤاكسین یاخود متمانەیان پێی نییە لەو ئەگەرانە زیاتر نییە.

سەبارەت بە زۆربوونی تووشبوان د.هێرش دەڵَێت”ئاهەنگەكانی نەورۆز سەد لەسەد كاریگەری هەبوو، ئەوەش بەرهەمەكەیەتی كەئێمە لە 18-3 وە ئامارێكمان بڵاوكردەوە بۆ 28- 3 ژمارەكان دووهێندە لەماوەی 10 ڕۆژدا زیادیكرد ئەمە ئەوە دەردەخات كەئەم جۆرە كۆڕو كۆمەڵ بەستنانە كاریگەری هەبووە بەوەی خەڵك خۆپارێزی نەكردووە.